بڕیارێكی نوێ لەبارەی هەژماری نمرەكانی خوێندكارانی 12ی ئامادەیی دەدرێت

لە كۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە بڕیاردرا وانەی كوردی و عەرەبی بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی و دەرچوان بۆ كۆلێژەكانی پزیشكی و ئەندازیاری و زانست بەرز بكرێتەوە و بۆ كۆلێژەكانی تر وەك خۆی مایەوە.

رۆژی 7ی ئایار لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و پلاندانان و سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەبارەی هەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەچووە، چەند بڕیارێك سەبارەت بەو پرسە درا.

لەو بارەیەوە عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "دواڕۆژ"ی ڕاگەیاندوە  "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی و دەرچوان بۆ كۆلێژەكانی پزیشكی و ئەندازیاری و زانست لە نمرەی 50 بۆ نمرەی 70بەرزبكرێتەوە، بۆ كۆلێژەكانی تریش وەك خۆی مایەوە".

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات ڕۆژی 8/3/2017 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا لەمساڵەوە هەژماركردنی نمرەی وانەكانی (زمانی كوردی و عەرەبی) بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە پزیشكی و ئەندازیاری و زانستییەكان ئارەزومەندانە بێت، ئەمەش كاردانەوە ‌و ناڕەزایی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.



PM:02:09:11/05/2017