پەیامی مەسعود بارزانی بەبۆنی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیماوکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ ١٩ی ئایار، پەیامێکی بە بۆنەی کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان،
بەبۆنەی كۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزیان و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم. لە خودای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت، انا لله و انا الیه راجعون".

شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە



PM:02:40:19/05/2017