بەرپرسێکی باڵای گۆڕان باس لە شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا دەکات (ڤیدیۆ)

قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان کە هەندێک بە یەکێک لەو کەسانە ناوی دەبەن کە شوێنی نەوشیروان مستەفا دەگرێتەوە ڕایدەگەیەنێت کە لە کاتی نەخۆشکەوتنیشیدا کەس نەیتوانیوە شوێنی نەوشیروان مستەفا پڕبکاتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ تی قادر حاجی عەلی ڕایگەیاند کە لە گۆڕاندا کەسی دووەم و سێیەم نییە و ئێمە هەموومان وەک یەکین و کاتێک کاک نەوشیروان نەخۆش بوو بە ڕاستی نەمانتوانی شوێنی پڕبکەینەوە بەڵام ئێمە بزووتنەوەیەکی گەورەین و کۆبوونەوە دەکەین کە چۆن کاربکەین".

هەروەها سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە هاوخەمی بزووتنەوەکە بوون لە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.



PM:09:40:19/05/2017