پارتی بەم وێنەیە گومان لەسەر مردنی نەوشیروان مستەفا دروست دەکات

بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی پارتی گومان دەخەنە سەر شوێن و کاتی مردنی نەوشیروان مستەفا و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو لە دەرەوەی هەرێم کۆچی دوایی کردبێت.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی وشەی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان نوسراوە " دوێنێ‌ هەینی تەرمی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ماڵەكەی خۆیەوە بۆ نەخۆشخانەی فارووق گواسترایەوە و ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەكەوە بۆ گردی زەرگەتە بردرا، هەبوونی باركۆدێك لەسەر ئەو دارەبازەی كە تەرمی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی هەڵگرت بوو، گومانی ئەوەی دروست كردووە كە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە لەندەن كۆچی دوایی كرد بێت نەك لە شاری سلێمانی."

هەروەها نوسیویەتی " ژمارەیەك لە بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە باركۆدی سەر دارەبازەكان تەنیا لەكاتێكدا بەكاردێت كە تەرمی كۆچكردوویەك لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر یان لە شوێنێكی دوورەوە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە، ئەو باركۆدانە زیاتر بۆ گواستنەوەی تەرم لە رێگەی فڕۆكەوە بەكاردەهێنرێن."

دوێنێ ١٩ی ئایار شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کە نەوشیروان مستەفا کاتژمێر ٨:٠٠ لە شاری سلێمانی و لە گردی زەرگەتە کۆچی دوایی کردووە.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.



PM:01:16:20/05/2017