لەسەر سێ رۆژ پشووەكە بڕیارێكی پێچەوانە درا

پاش ئەوەی سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سێ رۆژی پشووی راگەیاند، عومەر قەڵادزێی، لەبری پارێزگاری سلێمانی رەتیدەكاتەوە سبەینێ پشوو بێت.

پێشتر مەهدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بەبۆنەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وەکو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سێ رۆژ پشوی ماتەمینیمان راگەیاندووە".

دوای لێدوانی سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، عومەر قەڵادزێی، لەبری پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و قسەكانی سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەتكردەوە.

عومەر قەڵادزێی، لە راگەیەندراوێكدا، كە ئەمڕۆ شەممە بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: "سبەین 21/5/2017 لەسەرجەم فەرمانگەكان دەوام ئاساییە و پشوو نییە".

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكە لەبری پارێزگاری سلێمانی، كە لەسەر پشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە هاتووە، "پێشتریش ڕامانگەیاندبوو، كە ماوەی دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەنین، بۆ كۆچی دوایی سەركردە و تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەڵام پشوو نابێت و دەوامی ئاسایی سەرجەم فەرمانگەكان بەردەوام دەبێت".



PM:09:37:20/05/2017