دوای مردنی نەوشیروان موستەفا پارتی چی بە گۆڕان دەڵێت؟

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت حزبەکەی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و پێیوایە لەگەڵ گۆڕان خاڵی هاوبەشیان زۆرە.

عەلی حسێن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە مەراسیمی پرسەی نەوشیروان مستەفادا و لەکاتی قسەکردن بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسی لەوەکرد لەگەڵ گۆڕاندا خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە و دەکرێت لەم قۆناغەدا خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان کۆیانبکاتەوە.

سەبارەت بە بەشداریان لە پرسەکەدا ڕایگەیاند، وەفدێکی باڵایان بە نوێنەرایەتی بارزانی لە سلێمانی سەردانی پرسەی نەوشیروان مستەفایان کردووە و خۆیان بە شەریکە خەمی بزووتنەوەی گۆڕان دەزانن و دەڵێت "لەدەستدانی هەر سەرکردەیەک لە هەرێمی کوردستاندا بۆشایی لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات".

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی وتی کە حزبەکەی لەگەڵ ئەوەدایە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی پرسەی نەوشیروان مستەفا لە شاری هەولێر و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو، بەشێک لە بەرپرس و ئەندامانی پارتیش دوێنی لە سلێمانی و ئەمڕۆ لە هەولێر سەردانی پرسەکەیان کرد.

ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆچی دوایی کرد و سەرلەبەیانی دوێنێ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.



PM:09:45:21/05/2017