بۆچی نەوشیروان موستەفا وەسیەتی كرد لە گردی زەرگەتە بینێژن؟

نەوشیروان موستەفا لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی زەرگەتە نێژرا و هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕانیش دەڵێت "پەیام و مەغزایەكی گەورەی ڕەمزی لەپشت هەڵبژاردنی ئەو شوێنەوەیە لەلایەن كاك نەوشیروانەوە".

نەوشیروان موستەفا كە بەرەبەیانی ڕۆژی 19ی ئایار كۆچی دوایی كرد ڕۆژی 20ی ئایار لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا، سەبارەت بە وەسیەتەكەی لەبارەی دوا مەنزڵیەوە لێكدانەوە و شیكردنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت.

عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە قسەی بۆ ڕووداو كردووە و دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەو شوێنە لەلایەن كاك نەوشیروانەوە پەیام و مەغزایەكی گەورەی ڕەمزی لەپشتە".

عەدنان عوسمان باس لەوە دەكات هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بۆ ئەوەیە هەموو هاوڕێكانی و هەموو گۆڕانخوازان پەیام و بەرنامەی ئەویان لەبیربێت و لەسەر ڕێباز و دونیابینیەكەی بەردەوام بن.

عەدنان عوسمان هەروەها دەڵێت "پەیامێكیشە بۆ سەركردەكانی گۆڕان كە دوای نەوشیروان موستەفا بە یەكگرتووی و سەربەخۆیی بمێننەوە".



PM:02:30:22/05/2017