نەوشیروان موستەفا چەند ڕۆژ بەر لە مردنی چی كردووە؟

هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕان ئاشكرای دەكات نەوشیروان موستەفا چەند ڕۆژێك بەر لە مردنی سەیری بەرگەكانی گۆڤاری گەلاوێژی كردووە و بەناو باخ و دار چنارەكاندا گەڕاوە.

هۆشیار عەبدوڵا، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەكاونتی تایبەتی لە فەیسبوك نوسینێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی (كاكە گیان باشی).

هۆشیار لە نوسینەكەدا سەبارەت بە دواین ڕۆژەكانی ژیانی نەوشیروان موستەفا دەدوێت و دەڵێت "ڕۆژێك پێش مەرگی سەیری بەرگەكانی گۆڤاری گەلاوێژی كردوە، بەیانیانی دوای هاتنەوەی دواجاری لەدەرەوە هاتۆتە ناوباخەكە و سەیری باخەكەی و دارچنارەكانی كردوە كە زۆر لای جوان و تایبەت بوون".

هۆشیار باس لەوە دەكات كە لە وەڵامی پرسیارێكدا جارێك پێی وتم "وشیار من گەیشتومە تەمەنێك ئاساییە شەوێك بخەوم و بەیانی خەبەرم نەبێتەوە"، منیش وتم خوا نەكا كاكە گیان ئیشەڵا هەر سەلامەت ئەبیت. 

وەك وشیار لە نوسینەكەدا باسی دەكات نەوشیروان موستەفا تەمەنای مەرگێكی لەناكاوی كردوە و لەبارەی مردنیەوە بەم جۆرە وەڵامی داوەتەوە "بۆچی كاكە گیان كێ خوا ئەیداتی شەو بخەوێ و سبەی ڕۆحی دەرچوبێت بێ ئەوەی زەلیل بێت یا عەقڵی لە دەست بدات، من تەمەننای مردنێكی وامە".

ئەمەی خوارەوە تەواوی نوسینەكەی وشیار عەبدوڵایە:
كاكە گیان باشی؟
ئێمە هەمومان ، لە گردەكە لەناوخۆمان و لە ڕوی خۆشی هەر پێمان دەگوت كاكە .
بڕیار بو ڕۆژی یەكشەممەیەك لە پایزی ساڵی ۲۰۱۱ ڕوبەڕو تۆمار بكەین ، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕۆیشتم بۆلای بۆ ئەوەی بزانم سەعات چەند و لە كوێ تۆماری بكەین وتم كاكە گیان چۆنیی ؟ وتیی ، كەمێك تەندروستیم خراپە هەم خۆڵبارینەیشە باهەفتەیەك دوای خەین . 
وتم هەر تۆ باش بیت كێشە نیە دوای ئەخەین ، ئیشەڵڵا زو باش ئەبیت ، بە پێكەنینێكەوە وتی ، خەمیی منتە یا ڕوبەڕوەكەی خۆت ، بە زەردەیەكەوە وتم جا تۆ نەبی ڕوبەڕو چیە، بەس پرسیارێكی زۆر هاتوە و خۆشت ئەزانی تادوا بكەوێت پرسیار زیاتر ئەبن بەڵام ئەكید خەمیی تۆمە ( كەمجار هەبو خۆی بیەوێت قسە بكا زۆربەی جار هەوڵی زۆرمانئەدا لەگەڵیا ، بەتایبەت كاك ڕێبینی مامۆستا ئەحمەد هەردی، ئەوە بو كە ئێمە میدیامان جێهێشت یەك چاوپێكەوتنی تری تەلەفزێۆنی نەكردەوە، ئەوەش چیرۆكێكی هەیە و كاتێك باسی ئەكەم ) .. بە پێكەنینێكەوە وتی ، وشیار من گەیشتومە تەمەنێك ئاساییە شەوێك بخەوم و بەیانی خەبەرم نەبێتەوە . 
منیش وتم خوا نەكا كاكە گیان ئیشەڵڵا هەر سەلامەت ئەبیت . 
وتی بۆچی كاكە گیان كێ خوا ئەیداتی شەو بخەوێ و سبەی ڕۆحی دەرچوبێت بێ ئەوەی زلیل بێت یا عەقڵی لە دەست بدات ، من تەمەننای مردنێكی وامە . ( ئەو قەناعەت و قسەیەی لای چەند كەسێكی تر و لە چەند مەجلسێكی تردا كردوە )
كەچی ئەو ، بە كاملی توانای عەقڵی خۆیەوە ڕۆژێك پێشتر سەیری بەرگەكانی گۆڤاری گەلاوێژی كردوە ، بەیانیانی دوای هاتنەوەی دواجاری لەدەرەوە هاتۆتە ناوباخەكە و سەیری باخەكەی و دارچنارەكانی كردوە كە زۆر لای جوان و تایبەت بون ، خۆشی عیلاجی دەردەكەی لەوە زیاتر كە پێویست بو و ڕەتكردەوە و پێشوازی لە مەرگ كرد ، ئاخر نەخۆشی هەرچیەك بێت ، ئەمەل و ئومێد هەرچەندێك بێت بەژیان ئاسان نیە مرۆڤ خۆێ بە مردن بڵێ وەرە ، یا با بێت بێ ئەوەی بیر لە خەستەخانە یا عیلاج یا هەوڵێك بكاتەوە ، ئەو ڕستەیەی كە ئەڵێ باكی بە مردن نیە یا لێی ناترسێ دروست دۆخی كاكە بو .
دواجار وەك ئەوەی دڵخوازی خۆی بو وەفاتی كرد ، ئەوەی لێی ئەترسا ڕوی نەدا ، بەڵكو بە پێوە بێ ئەوەی بۆ چەند ڕۆژ و مانگێك پەرۆشی ژیان بێت لە دوا مەنزڵ ئارامی گرت .
ئێستا كە جۆری ژیان و چەندێتی و چۆنێتی ژیان و ڕۆژی مردنەكەی و ئەو هەمو خۆشەویستیەی خەڵك دێتە بەرچاوم هەست ئەكەم یەزدان بە جۆرێك ئەو پیاوەی خۆشویستوە كە لێوان لێو بوە لە بەخشندەیی .
سەلامی سەرەتای هەمو دیدارێكم لەگەڵیا ئەوەبو ، ( كاكە گیان باشی ) ، یان ئەیگوت باشم سوپاس ، یان خراپ نیم ، باشم .. من كە لە، ناوەڕاستی ساڵی ۲۰۰٨ ەوە نزیك و لە دوای ۱۷ ی شوباتی ۲۰۱۱ ەشەوە كە وەك بەڕێوەبەری كەی ئێن ئێن دەستبەكاربوم ڕۆژانە و هەندێ جار ڕۆژی دوجار ئەمبینی ، لە چەندین وێستگەی قورس لە ململانێی سیاسی و تەهدید كردنی و زۆر وردەكاری تر ئاگادار بوم تاكە یەك لەحزە هەستم نەكردوە باكێكی بە مردن هەبێت ، با دكتۆر و عیادەكانی ئەو شارە بێن پێم بڵێن ، تا پێش نەخۆشكەوتنی چەند جار سەردانی كردون ؟ نەئەچو بۆ لای دكتۆر كە بێگومان پێم كارێكی خراپ بو ، بەڵام پیاوێك بو قەت هێندە پەرۆشی تەندروستی خۆی وئیهتیمام دان نەبو بەخۆی، زو زوش لەسەر كۆخە و جگەرەكەی تەعلیقم هەبو .
جارێك پێم گوت خۆزگە وازت لە جگەرە ئەهێنا ، ئەو قسەیەی بە عام پێناخۆش بو زۆر جاریش ناخۆش وەڵامی ئەدایەوە ، وتی بۆ وازی لێبێنم ، وتم ئێ ئەوە حاڵ نیە ئەكۆكیت ، خراپە ، وتی تۆ كاك خەلیل دۆسكی ڕەحمەتیت ئەناسی ، وتم بەڵێ ، وتی ئەو كە ئەهاتە سەر سفرە دیاری ئەكرد چەند كەوچك برنج ئەخوات و وەرزشی ئەكرد پێش هەموانیش كۆچی دوایی كرد ، قەسدم ئەوەیە بڵێم هێندەی ئەوەی باوەڕی بەوە هەبو كە مردن هات دێت ، هێندە باوەرێ بە ڕاكردن نەبو لێی .
كاكە گیان ، ئیدی كە هاتمە لات لە ئارامگەكەت یا لەو دونیا پێت شادبومەوە ، ئیدی ناڵێم كاكەگیان باشی ؟ تۆ لە باشی ئێمە بپرسە ، چونكە تۆ هێندە زیندو و خۆشەویستیت لەدڵی خەڵكا هەر زۆر باشیت و ئەبێ ئیدی ئێمەی پڕقسور خەمیی باشی خۆمانمان هەبێت .
هۆشیار عەبدوڵا
۲۳ی ئایاری ۲۰۱۷



AM:09:48:24/05/2017