گۆڕان پەیامێكی گرنگ ئاراستەی لایەنگرانی دەكات

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتیدەكاتەوە، كە وەك بزوتنەوەكەیان ورەیان زۆر بەرزە و ئومێدیشیان زۆرە و بەرچاویان روونە بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەشاری سلێمانی وتی "ئەو پەرۆشی و حەماسەتەی خەڵكی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەبێ هیچ بەرامبەرێك بۆ كاك نەوشیروان-یان دەربڕی، گەواهیی راستگۆیی و راستی بەرنامە و پەیڕەو و رێبازی كاك نەوشیروان مستەفایە. ئێمە لەكاتێكدا ئەو كۆستە گەورەیەمان لێكەوتوە، دەمانەوێت هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەینەوە، كە ورەمان زۆر زۆر بەرزە، لەكاتێكدا هەلومەرجی سیاسی كوردستان لەم بارە ئاڵۆز و ناهەموار و دژوارەدایە، پرۆسەی سیاسی چەقی بەستوە، پەرلەمان ئیفلیج كراوە، بەڵام ئێمە ئومێدمان زۆر زۆرە، بەرچاومان رونە، دەزانین چی دەكەین و لەداهاتوشدا چی دەبێت".

وتیشی "ئێمە جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانمان هەیە و بڕیاری لێوەدەرگرین، بەرنامەی سیاسی رێنیشاندەرمانە، هزر و بیر و فكری كاك نەوشیروانمان هەیە كە وەك مۆمەكە بەرچاومان روندەكاتەوە، بەڵام لێرە و لەوێ قسە زۆر دەكرێت، هەم لەلایەن هەڵسوڕاو و كەسە دڵسۆز و بەپەرۆشەكەمان، هەم لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەش، بەڵام ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین، كە ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە و بریتییە لەوەی ورەمان بەرزە، بەرچاومان رونە، بڕیاری خۆمانمان هەیە، دەزانین لە ئایندەدا چی دەكەین، بۆ كوێ دەڕوات، هەر قسەیەك لێرە و لەوێ و هەر كەسێك بیكات، تەعبیر لە راو بڕیار و بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، مەگەر ئەوەی بەندە بیڵێت لە جیاتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان".



PM:05:14:24/05/2017