پەروەردە دەستپێكی تاقیكردنەوەكانی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی وادەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی ڕاگەیاند و ٢٠ی ئەیلولیش وەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت.

لە ڕاگەیەندراوبَكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "تاقیكردنەوە گشتییەكانی خولی دووەمی قۆناغی ئامادەیی بەهەموو بەشەكانییەوە لەگەڵ تاقیكردنەوەی نیشتیمانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی بۆ خولی دووەم ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧، لە ڕۆژی ٢٠ی ئابدا دەستپێدەكات".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە تاقیكردنەوەی خولی دووەمی پۆلە ناكۆتاییەكان بۆ هەموو قۆناغەكانی خوێندن لەگەڵ پەیمانگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی ٩ی ئەیلولدا دەستپێدەكات و ڕۆژی ١٧ی هەمان مانگ كۆتایی دێت.

سەبارەت بە تاقیكردنەوەی خولی دووەمی بابەتە لاوەكییەكان ڕایدەگەیەنێت "خوێندكارە ماوەكانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی (ئاین، هونەر، وەرزش) لە ڕۆژی ١٠ی ئەیلولدا ئەنجامدەدرێن".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەگەر ڕۆژێكی تاقیكردنەوەكان بەر پشوو بكەوێت، ئەوا تاقیكردنەوەكە دەكەوێتە ڕۆژی دواتر و بەهەمان خشتە دەبێت.

پەروەردەی سلێمانی ڕۆژی ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵی بە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ دیاری كردووە.



PM:02:50:29/05/2017