شاسوار عەبدولواحید لیستێکی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکان دروست دەکات؟

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کۆمپانیاکانی نالیا دوای زنجرە سیمینارە بەردەوامەکانی لەم ساڵدا و زیاتر قسەکردنی لەسەر سیاسەت، چەند ماڵپەڕێک هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەو سەرمایەدارە خۆی بۆ دروستکردنی لیستێکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم ئامادە دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاسوار عەبدولواحید سەردانی وڵاتی ئەمریکای کرد و ئەمجارە پێچەوانەی جارانی پێشووی لە سەردانەکەیدا جگە لە بینینی ژمارەیەک سیاسەتمەدار و سیناتۆر زنجیرەیەک سیمیناری ئەنجامدا و باسی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردەوە کە شاسوار کار بۆ ئەوە دەکات کە پشتگیری بەشێک لە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت تا لە کاتی دروستکردنی لیستێکی سیاسیدا لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

شاسوار سەبارەت بەو دەنگۆیانە بە ڕۆژنامەی ئاوێنەی ڕاگەیاندووە "سەردانەکەم بۆ ئەمریکا تایبەتە بە پرسی میدیایی ئەهلی و گەشەپێدانی ئەو میدیایە لە هەرێمی کوردستان".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی ئەم ساڵدا وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و تا ئێستاش بە فەرمی هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.



AM:03:35:31/05/2017