هۆكاری دوورخستنەوەی مەلاكەی هەولێر لە مزگەوت ئاشكرادەبێت

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر هۆكاری دوورخستنەوەی مەلا نادر كانی كوردەیی لە پێشنوێژی و وتارخوێنی ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت "ئێستا پێشنوێژیشی لێ قەدەغەكراوە".

 بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر لە ڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە ڕایدەگەیەنێت "لەچەند رۆژی رابردوودا مەلا نادر كانی كوردەیی لە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن وتویەتی كە بە فەرمانی وەزیری ئەوقاف لە پێشنوێژی تەراویح دوورخراوەتەوە، بۆ ڕای گشتی روون دەكەینەوە كە ئەو قسانەی مەلا نادر دوورن لە راستییەوە".

لە ڕونكردنەوەكەی ئەوقافی هەولێردا هاتووە "ئەسڵی بابەتەكە ئەوەیە كە مەلا نادر لە وتاری رۆژی هەینی تەكفیری عەبدولڕەحمان سدیقی كردووە كە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپەكانی ئاینی ئیسلام و یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقافن".

ئەوقافی هەولێر لە درێژەی ڕوونكردنەوەكەدا ئاشكرایكردوە هەر ئەوكات لەلایەن لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ‌بڕیاری ڕاگرتنی دراوە لە پێشنوێژی و وتارخوێنی لەم مزگەوتە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر مەلا نادر كانی كوردەیی، مامۆستای ئاینی لە شاری هەولێر ڕایگەیاند كە لە وتاربێژی دوورخراوەتەوە"، بەڵام لە ئێستادا بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر پێشنوێژیشی لێ قەدەغەكراوە.



AM:10:05:31/05/2017