دواجار بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی بڕیاریدا

ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئێن ئاڕ تی لەسەر فەرمانی دەستگیرکردنی بڕیاریدا کە وەک ڕێزگرتن لە یاسا لەبەردەم دادگادا ئامادە بێت.

لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و جێگری سەرۆکی دامەزراوەیی میدیایی نالیا نوسیویەتی " یەکشەممە ٢٠١٧/٦/٤لە دادگا ئامادە دەبم".

لە بارەی هۆکاری بڕیارەکەیەوە، ئاوات عەلی دوو هۆکاری خستووەتە ڕوو و نوسیویەتی "لەبەر ئەم هۆکارانە لەبەردەم دادوەر ئامادە دەبم، پابەندبوون بە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان سەڕەڕای تێبینی و رەخنەکان و ئازادکردنی ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کفری کە ماوەی ١٠ ڕۆژە لە زیندانە"

ئەمەش لە کاتێکدا دێت لەسەر ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ماوەی دە ڕۆژە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئارام بەختیار زیندانی کراوە و بڕیاری دەستگیرکردنیش بۆ ئاوات عەلی دەرچووە، ئەگەرچی ئەو پێشتر ڕایگەیاند بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لێی کراوە لە بەردەم دادوەردا ئامادە نابێت و داوای کرد داواکەی لە دادگای گەرمیانەوە بگوێزرێتەوە بۆ دادگاکانی سلێمانی.



PM:04:14:31/05/2017