عەزیز محەمەد بەخاك سپێردرا

ئەمرۆ له‌ رێوره‌سمێكی تایبه‌تدا، ته‌رمی سكرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراق له‌ گۆرستانی شه‌هیدانی حزبی شیوعی له‌ هه‌ولێر به‌خاك سپێردرا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ی حوزه‌یرانی 2017، له‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی حزبی شیوعی له‌ گوندی گرده‌ ره‌شه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حكومی و حزبی ته‌رمی عه‌زیز محەمەد، سكرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراق به‌خاك سپێردرا.
ئەمرۆ پرسەی عەزیز محەمەد لە هەولێر‌و لەمزگەوتی جەلیل خەیات بەڕێوەچوو. بڕیاریشە سبەینێ هەینی سە سلێمانی ‌و كەركوك پرسەی بۆ دابنرێت.

عەزیز محەمەد عەبدوڵڵا لە رێككەوتی 1ی تەموزی 1924 لە گوندی (بێركۆت)ی نزیك شاری هەولێر لە دایك بووە، باوكی كوردێكی هەژاری جوتیاری گوندی (بێركۆت) بووە، دایكی كچە مەلا بووە و لە ناوچەكانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایكی خەڵكی باكووری كوردستان بووە.

عەزیز محەمەد لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا لەگەڵ دایكیدا دێنە شاری هەولێر و باوكی و دایكی بۆ هەتاهەتایە بەجێیدەهێڵن. لە مزگەوتی (ابوبكر) فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحركە دەرسی فەقێی دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێی دەهێنێ.

دایكی كە ئەوكات لە ماڵان كاردەكات دەینێرێتە قوتابخانە و بەهۆی زیرەكییەكەیەوە راستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواوكردنی خوێندنەكەی دەكاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام ئەو ئاواتەی نایاتەدی، چونكە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووك بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئاسان بوو بەڵام بۆی نەكرا.

دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەك بێكار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ كاردەكات.

لە بەهاری ساڵی 1948 ژیان و كاری خۆی بە حیزبی شیوعی دەبەستێتەوە و دەست بە كاری حیزبی دەكات.

ساڵەكانی 1940-1941 سەرەتای چالاكی سیاسی ئەو بووە، كە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە، لەوانە مامۆستای ناوداری كورد (عزەدین فەیزی).

هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە كۆمەڵەی (هیوا)وە دەكات و لە ئایاری ساڵی 1941 دا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی هیوا.

لە ساڵی 1942دا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەل كە رۆژنامەیەكیان بە ناوی (بڵێسە)ەوە دەردەكرد و خۆیان بە ماركسی لە قەڵەم دەدا.

لە زستانی ساڵی 1945دا دوای كۆنگرەی یەكەمی حزبی شیوعی عێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە.

لە 13-10-1948 دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی 1958 و بۆ ماوەی (10) ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە رێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و هاوكات چەندین كتێبی ئەدەبی و چیرۆك و رۆمان و كتێبی سیاسی هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێكی زۆری شاكارە ئەدەبییەكانی ئەدەبیاتی رووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، سەرەڕای خوێندنەوەی بەرهەمەكانی (تەها حسین) و (نجیب محفوز) و بەرهەمی تری نووسەرانی عەرەب.

عەزیز محەمەد لە ساڵی 1964 تا ساڵی 1993 سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراقی بووە و خزمەتێكی پڕ بایەخی پێشكەش بە دۆزی عێراق و ناوچەكە بە گشتی كردووە.

عەزیز محەمەد یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی 1986 لەلایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە (وسامی لینین)ی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای "ئەستێرەی گەشە"ی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی 2007 لەلایەن رووسیاوە پێبەخشراوە، کە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم کەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.

رێككەوتی 10ـی 6ـی 2015 لە پیرمام مەسعود بارزانی "میدالیای بارزانی نەمر"ی بەعەزیز محەممەد بەخشی.

رۆژی چوارشەممە 31ی ئایاری 2017 لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

سەرچاوە: سایتی رێگای كوردستان



PM:04:18:01/06/2017