گەنجێکی کورد بەهۆی بەڕۆژوو نەبوونیەوە کوژرا

گەنجێکی کوردی پەنابەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، بەهۆی ئەوەی بەڕۆژوو نەبووە لەلایەن سێ کەسی بە ڕەگەز عەرەبەوە کوژرا.

ڕۆژی پێنجشەمە 1ی حوزەیران گەنجێکی کورد کە پەنابەرە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لە شاری (ئۆڵدن بۆرگ) لەلایەن چەند پەنابەرێکی بە ڕەگەز عەرەبی سووریەوە کوژراوە.

سەرچاوەیەک بۆ "سپی میدیا" ئەوەی ئاشکراکرد کە گەنجەکە لەسەر ئەوەی کە بەڕۆژوو نەبووە و جگەرەی لەدەستدا بووە، دراوەتە بەر چەقۆ.

گەنجەکە خەڵکی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە و ناوی عەبد حەنان یەعقوبە.

تۆمەتبارانی ڕووداوەکە سێ کەسن و دوو لە بکوژەکان دەستگیر کراوە و هێشتا پۆلیس بەدوای بەشداربووی سێیەمی تاوانەکەدا دەگەڕێت.

پۆلیس ئەوەی نەشاردووەتەوە کە گومان دەکەن ئەو سێ تاوانبارە، پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە هەبووبێت.

 لەبارەی ئەو تاوانەوە کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی عەبدولقادر جمۆ، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دوو وێنەی قوربانییەکەی بڵاو کردووەتەوە کە لە یەکەمیاندا دەردەکەوێت، کوژراوەکە هاوسەرگیری کردووە و باوکی دوو منداڵە، لە وێنەی دووەمیشدا دوای کوژرانی دەرکەوتووە.

جەمۆ ئەوەی دووپات کردووەتەوە ”هۆکار و پاڵنەری ئەو تاوانە ئەو بیانووە بووە کە عەبد یەعقوب بەڕۆژوو نەبووە و جگەرەیان لە دەستی بینیوە، بۆیە کوشتوویانە". 



PM:02:26:02/06/2017