یەكگرتوو وەڵامێكی توندی بارزانی دەداتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامی بارزانی دەداتەوە و دەڵێت "ئێمە نە توتین و نە كۆیلە و دەربار".

تۆمەتباركردنی ژمارەیەك لەحزبەكان بەدوڕویی و حزبی فەیسبوك لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە و یەكگرتوی ئیسلامی هێرشی توند دەكاتە سەر بارزانی‌. 

لەوبارەیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە "لەكوێی دونیادا بوە پەرلەمانتار لەجیاتی چاودێریی وەسف و ستایشی حكومەت بكات، شوێنێكی ئەم سەر زەمینەم پێ بڵێن دەسەڵاتی جێبەجێكردن داوای عاقڵبونی پەرلەمانتار بكات".

هەڵەدنی دەڵێت "ئەگەر ڕەخنەگرتن لەحكومەتێك كە ڕێز لەبڕیاری خۆی نەگرێت و درۆبكات، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت و ڕۆژی دواتر سەفەربكەن و گرێبەست واژۆبكەن، بەڵام وشەیەك لەلای وەزیرەكانت باس نەكەیت، ئەگەر قسەكردن لەسەر دزینی سامانی گشتی درۆ و دوڕویی بێت، من شانازی بەدرۆیەكی واوە دەكەم".

سەرۆكی فراكسبۆنی یەكگرتوو هۆشداریدەدات و دەڵێت "تائەوكاتەی‌ خوێن لەلاشەماندا بگەڕێت، لەهەڵماڵینی ڕوی دزێوی دەسەڵاتەكەی‌ باشووری كوردستان ناوەستین، چ ناوو ناتۆرەیەكمان لێ دەنێن بینێن، گرنگ ڕازیكردنی خوداو ئاسودەكردنی ویژدانمان و گەیاندنی قسەی دڵ و بەرگریكردنە لەمافی بێوەژنە موچە بڕاوەكان و گەنجە گیرفان خاڵیەكان و خوێندكارە بێنازەكان و فەرمانبەرە ئاخ هەڵكێشەكان".

ئەبوبەكر هەڵەدنی هەروەها نوسیویەتی‌ "ئێمە نە توتین و نە كۆیلەو دەربار، نە مفتەخۆری بەر سێبەر و نەحەسحەسی گەندەڵكار، بەڵكو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری خەباتكار، بۆ هەڵتەكاندنی شێرە بەفرینەی ستەم، هۆشیارو پەیامدار".



AM:10:57:07/06/2017