״٥٤ گوندی مەسیحی لە بادینان دەستیان بەسەردا گیراوە״

بەڕێوەبەری كاروباری مەسیحییەكانیش لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: ״٥٤ گوندی مەسیحی لە بادینان دەستیان بەسەردا گیراوە״.

 لە بەدواداچونێكی رۆژنامەییدا ئاشكرا بوە كە زیاتر لە حەوت هەزار دۆنم زەویی خەڵكی عەنكاوەی هەولێر كراوەتە پڕۆژە، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لە لایەن خاوەنەكانیانەوە داواكاریی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێم كراوە بەڵام بەشێكی كەمیان قەرەبوو كراونەتەوە.

زیاد سەلمان سەرۆكی كۆمەڵەی مەرعودەی كشتوكاڵی عەنكاوە رایگەیاند: ״بەشێكی زۆر لە زەوییەكانی خەڵكی عەنكاوە بەر پڕۆژەكانی حكوومەت كەوتوون كە زیاتر لە حەوت هەزار دۆنم دەبێت، بەڵام لە كۆی ٢٢٣ جووتیار تەنیا ٤٠ جووتیار قەرەبوو كراونەتەوە״.

وتیشی: ״خاوەن ئەو زەوییانە زۆربەیان تاپۆكانیان بە ناوی خۆیانەوەیە و لە مافەكانمان خۆش نابین، چەندین جار نووسراومان ئاڕاستەی حكوومەت و پەرلەمان و زۆربەی سەركردە سیاسییەكان كردووە، بەڵام نازانین هۆكاری قەرەبوونەكردنەوەمان چییە״.

هاوكات سالم تۆما ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحی كە ئاگاداری ئەو دۆسیەیە وتی: ״بەشێك لەو زەوییانە دەكەونە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەندێكی تر پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان لەسەر درووست كراوە، ئەمە جگە لەو زەوییانەی لە لایەن كەسانی دەستڕۆیشتووەوە دەستیان بەسەردا گیراوە״.

لە بەرامبەردا ئەنوەر عومەر وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەبارەت بە فڕۆكەخانەی هەولێر، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێك هێنراوە، بەڵام ئیشوكارەكانی وەكوو پێویست نەبووە״.

هاوكات لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە لاپەڕە (9)دا بڵاو كراوەتەوە خالید جەمال بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرای دەكات كە 54 گوندی مەسیحییەكان لە سنووری بادینان دەستیان بەسەردا گیراوە و سەرەڕای ئەوەش كە دۆسیەكە چووەتە دادگا بەڵام ئەو پرسە یەكلایی نەكراوەتەوە״.

سەبارەت بە بۆچوونی حكوومەت لەسەر ئەو بابەتە سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەت  رایگەیاندَ: ״هەموو ئەو كێشانە بە گوێرەی یاسا چارەسەر دەكرێن״ بێ ئەوەی لەسەر كاتی قەرەبووكردنەوەكە لێدوان بدات.




PM:04:47:07/06/2017