گۆڕان بۆ یەكێتی: خۆتان یەكلایی بكەنەوە

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی داوا لە یەكێتی دەكات خۆیان یەكلا بكەنەوە لەگەڵ ڕێككەوتنی دەباشانن یان ڕێكەوتنی ستراتیژی.

عەبدولرەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی (خەڵك)ی ڕاگەیاندوە یەكێـتیی پێویستە خۆی یەكلابكاتەوە لەنێوان رێككەوتننامەی دەباشان و رێككەوتننامەی ستراتیژی.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی پێیوایە كە هەردوو ڕێكەوتنەكە دژ بە یەكن و دەڵێت "رێككەوتنەكەی دەباشان پاش رێككەوتنی ستراتیژیە و بەپێی ناوەرۆكەكەشی نابێ‌ هیچ رێككەوتنێك بكرێ‌، دژی ڕێكەوتنی دەباشان بێت، بەڵام ئەوەی یەكێتیی دەیكات بەداخەوە تائێستا خۆی یەكلانەكردۆتەوە".

جەختیشدەكاتەوە "لەكاتی ئێستادا دەبێ‌ یەكێتیی خۆی یەكلابكاتەوە، چونكە ئەوان هێزی چەكداریان زۆر لەبەردەستە و ئیمكانیەتی باشیان هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە هاوسەنگی باش بەرامبەر پارتی دروستبكەن، لەبەرئەوە بەجێبەجێ‌ كردنی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی هاوسەنگی دروست دەبێ‌، چونكە هیچ كامێكیان بەتەنها ناتوانن ئەوە بكەن".

ڕاشیدەگەیەنێت "ئەگەر یەكێـیی جدیە و نیەتی باشە بەرامبەر رێككەوتنی دەباشان، دەبێ‌ هەنگاوی كرداری بنێ‌، یەكەم هەنگاویش یەكخستنی فراكسیۆنەكانی هەردوولایە لەئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان و عێراق لەشێوەی یەك هاوپەیمانیدا، ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێ‌ بكرێ‌، هەنگاوەكانی تری جێبەجێ‌ كردنی رێككەوتنەكەی بەدوادێت".



PM:01:37:08/06/2017