لە سلێمانی یارییەک قەدەغە دەكرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی تێیاندا و روودانی چەندین رووداوی دڵتەزێن بەكارهێنانی  "یاری چوپی تایبەت بە منداڵان" لە سلێمانی قەدەغەدەكرێت و لەسەرەتایی هەفتەی داهاتووەوە هەڵمەتی لابردنیان دەستپێدەكات .

ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاندووە،  لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی بڕیاردرا رێگری لە كاركردنی هەموو ئەو جۆرە یارییانە بکرێت و لیژنەی سەلامەتی سەربە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش راسپێردرا خاوەنی یارییەكان ئاگاداربكرێتەوە و لە زووترین كاتدا پابەندبن بە لابردنیانەوە .

ئاماژە بەوەشکراوە ، سەبارەت بە بڕیاری لابردنی ئەو یارییانە كە تایبەتە بەمنداڵان قائیمقامیەتی سلێمانی هەموو لایەك ئاگاداردەكاتەوە مەبەست لەبڕیارەكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی گیانی منداڵان و رێگری كردنە لەرووداوی نەخوازراو چونكە لە رابردوودا چەندین حاڵەتی دڵتەزێن تۆماركراوە كە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی تێیاندا دەیان منداڵ برینداربوون و سەدانی تریش ژیانیان رووبەڕووی مەترسی بوووەتەوە.

لە کۆتایدا قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاندووە،  بەم دوایەش چەندین سكاڵا لە دژی خاوەنی ئەو یارییانە لە قائیمقامیەتی سلێمانی تۆمار كراوە، لەبەر ئەم هۆكارانە بڕیاری قەدەغەكردنی ئەو جۆرە یارییە دراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە لەهەر شوێنێك "یاری چوپی تایبەت بە منداڵان" بەدی بكرێت لادەبرێن و لە ئەگەری پابەند نەبونیشیان خاوەنەكانیان رووبەڕووی سزایی یاسایی دەكرێنەوە.



PM:04:09:08/06/2017