بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی نهێنییەکی مردنی مایکڵ ئاشکرا دەکات

ئاوات عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئێن ئاڕ تی باس لە مردنی ئەستێرەی زنجیرەی بەناوبانگی جیهانی Prison Break، مایکڵ سکۆفێڵد دەکرا کە لە وەرزی پێنجەمدا زیندوو کرایە و نهێنییەک ئاشکرا دەکات.

ئاوات عەلی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "ئایا هەڵەکەی زنجیرەی شکاندنی بەندینخانە (Prison Break) هەڵەیە یان چارەسەرە؟، لە زنجیرەی کۆتایی وەرزی چوارەمی (شکاندنی بەندینخانە - Prison Break) کارەکتەری سەرەکی مایکڵ سکۆفێڵد گیانلەدەستدەدات و لەسەر گۆڕەکەی دەنوسرێت (4/11/2005) کۆچی دوایی کردووە، بەڵام کاتێک وەرزی پێنجەم دەستی پێکرد و لەیەکەم زینجیرەدا گۆڕەکەی سکۆفێڵدی پیشاندایەوە لەسەری نوسرابوو (11/5/2010) کۆچی دوایی کرد. ئەمەش بەلای بینەرەوە لەوانەیە وەک هەڵە سەیر بکرێت. بەڵام ئەمە هەڵە نییە و چارەسەرێکی دەرهێنەر بوو بۆ کێشەیەک... چ کێشەیەک؟ ئەمە وەڵامەکەیەتی"

هەروەها دەڵێت "کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ دا وەرزی چوارەمی شکاندنی بەندینخانە (Prison Break) نمایشکرا وەک وەرزی کۆتایی زنجیرەکە مارکێتینی بۆ کرا و سکۆفێڵدیش لە زنجیرەی کۆتاییدا تیایدا گیانی لەدەستدا و ڕۆژی گیانلەدەستدانەکەی لەسەر گۆڕەکەی نوسرا کە (4/11/2005) بوو، بەڵام دوای ٨ ساڵ دەرهێنەر و بەرهەمێهێنەری دراماکە رایان گۆڕی و وەرزی پێنجەمیان بەرهەمهێنا، پێویستیشیان بەوە بوو ڕووداوەکان باس لە ساڵی ٢٠١٧ و شەڕی داعش بکەن لە یەمەن. نەشدەکرا کاتێک سکۆفێڵد زیندوو دەبێتەوەو ئاشکرا دەبێت کە نەمردووە ١٢ ساڵ بەسەر ڕووداوەکاندا تێپەڕیبێت، چونکە ئەکتەرەکان دەبوایە زۆرتر بگۆڕانایە و منداڵەکەی سکۆفێڵدیش دەبووە ١٢ ساڵ، بۆیە باشترین چارەسەر ٧ ساڵ بوو، هەر بۆیە ڕۆژی مردنەکەی سکۆفێڵدیان لەسەر گۆڕەکەی لە (4/11/2005) کرد بە (11/5/2010) و بەمەش لەڕووی دەرهێنانەوە تەنها حەوت ساڵ بەسەر چیرۆکی مردنی سکۆفێڵدا تێپەڕی لە بری ١٢ ساڵ".

وەرزی پێنجەمی شکاندنی بەندینخانە - Prison Break ئەمساڵ دوای حەوت ساڵ لە کۆتایی هاتنی وەرزی چوارەمی پەخشکرا کە لە ٩ زنجیرە پێکهاتبوو، بەشێکیش باسیان لەوەکرد بە هۆی دابەزینی ڕێژەی بینەری کەناڵی فۆکسەوە بڕیاردراوە کە ئەم بەشە بۆ دراماکە زیادبکرێت.



PM:09:08:09/06/2017