ئۆجەلان ناسنامەی وڵاتێكی ئەوروپی وەرگرت

وڵاتی ئیتاڵیا ناسنامەی هاوڵاتیبوون دەبەخشێتە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان و مەراسیمێكیشی بە بەشداری میدیا جیهانیەكان بۆ ڕێك دەخرێت.

شارەوانی‌ "پینەڕۆلا" لەشاری‌ تۆرینۆ لەئیتاڵیا لەدوای‌ كۆبونەوەیەكی‌ ئەنجومەنەكەیان، بەفەرمی‌ ڕایگەیاند، ناسنامەی‌ هاوڵاتیبونی‌ بەخشیوە بەعەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (پەكەكە) كە یەكێك لەسەركردە دیارەكانی‌ گەلی‌ كورد.

هەروەك شارەوانی‌ پینەڕۆلا ئەوەشی‌ ڕونكردۆتەوە "ئۆجەلان ماوەی‌ 18 ساڵە، سەرباری‌ خراپی‌ ژیانی‌ لەنێو زینداندا، بەڵام تائێستا بەوشەیەكیش ئاماژەیەكی‌ بۆ شەڕ نەكردوە و بەردەوام هەوڵیداوە ئاشتیی بۆ توركیا بگەڕێنێتەوە، سەرباری‌ ئەوەی‌ بەردەوام ئاگاداری‌ ڕوداوەكانی‌ دەرەوەشە، بۆیە مافی‌ خۆیەتی‌ ناسنامەی‌ هاوڵاتیبوونی‌ ئیتاڵیای‌ پێبدرێت".

شارەوانی‌ پینەڕۆلا ڕایگەیاندوە بەناوی‌ حكومەتی‌ ئیتاڵیا و شارەكەشیانەوە كاردەكەن بۆ ئازادكردنی‌ عەبدوڵا ئۆجەلان و "پێشی‌ دەڵێین بەخێرهاتی‌ بۆ وڵاتی‌ خۆت".

هەروەها بڕیاروایە لەمانگی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵدا، لەوڵاتی‌ ئیتاڵیا مەراسیمێكی‌ گەورە ڕێكبخرێت و تێیدا بەشێوەیەكی‌ ڕەسمیی و بە بەشداری‌ میدیا بەناوبانگەكانی‌ جیهان، ناسنامەی‌ هاوڵاتیبوونی‌ ئۆجەلان بڵاوبكرێتەوە.



PM:12:46:10/06/2017