پارتی بە مەرج لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەماندایە

سەرکردایەتی پارتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا جەختی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد بەو مەرجەی " بە شێوازێک بێت کە ھاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان و زیاتر لێکنزیکردنەوە و دروستکردنی تەبایی نێوماڵی کوردستانی, ھەروەھا ھاوکارو پشتیوانی پرۆسەی ریفراندۆم وەکو پرسێکی گرنگ و نەتەوەیی نیشتمانی بێت".

لەو راگەیاندنەدا کە دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی کە بە ئامادەبوونی بارزانی سازکراوە، هاتووە" ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی کوردستانین لە کاتی خۆیداو ھەموو ھەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ زەمینە خۆشکردن و ئامادەکاری پێویست بۆ ئەو پرۆسە گرنگە".


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی: 

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی و ئامادەبوونی ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسانی ئۆرگانە ناوەندی و لقەکان, کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەنجام درا, کە چەند بابەتێکی گرنگ و ھەنووکەیی تاوتوێ کران و بریاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.
* بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان:  دوای ئەوەی زەمینەی پێویستی بۆ ئامادەکرا وەکو ھەنگاوی یاسایی و وەرگرتنی شەرعیەتی جەماوەری کوردستان بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و سیاسییەکانەوە لە کۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکان لە ٧-٦-٢٠١٧ بڕیاری ئەنجام دانی ریفراندۆم لە ‎٢٥-٩-٢٠١٧ دراو, بە سەرکەوتنی ویست و ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستان دەزانرێ و ئاواتی شەھیدە سەر بەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان دێتەدی.
گەلی کوردستان, بەکوردو تورکمان و کلدۆ ئاشوری سریان, بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی, لە دوای لکاندنی کوردستان بە عێراق بە بێ پرس و ئیرادەی خۆی, زۆر ھەوڵیدا دەوڵەتێکی دیموکراتی و سەردەمیانە دروست بکرێ و لەوپێناوەش قوربانی زۆری داوە, بەڵام بەداخەوە عقلیەتی تاکڕەوی رێگری کردووە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ھاوبەشی ھەموو نەتەوەو ئاینەکان کە ماف و ئازادییەکان بۆ ھەمووان دەستەبەر بکات, ئەمانەو لە روانگەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەسات و گرژی زیاتر, ئەم ھەنگاوە بە بەرژەوەندی دانیشتوانی ھەموو ناوچەکە دەزانین.
* بابەتی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان: ئەم بابەتە بەگرنگ زانراو, ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی کوردستانین لە کاتی خۆیداو ھەموو ھەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ زەمینە خۆشکردن و ئامادەکاری پێویست بۆ ئەو پرۆسە گرنگە.
* بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان: تاوتوێی ئەم بابەتەکرا و جەختی لەسەرکرایەوە بە شێوازێک بێت کە ھاوکاری چارەسەرکردنی کێشەکان و زیاتر لێکنزیکردنەوە و دروستکردنی تەبایی نێوماڵی کوردستانی, ھەروەھا ھاوکارو پشتیوانی پرۆسەی ریفراندۆم وەکو پرسێکی گرنگ و نەتەوەیی نیشتمانی بێت.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
پارتی دیموکراتی کوردستان
‎١١-٦-٢٠١٧



PM:09:56:11/06/2017