وادەی دابەشكردنی پارەی هاندانی مامۆستایان دیاریكرا

بەگوێرەی زانیاریەكان بەر لە هاتنی جەژنی ڕەمەزان پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش دەكرێت و بەڕێوەبەری ژمێریاریش لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی SNN وەزارەتی‌ دارایی‌ سەرقاڵی‌ ئامادەكارییە بۆئەوەی‌ پێش جەژن دەست بەدابەشكردنی‌ پارەی‌ هاندانی‌ مامۆستایان بۆ مانگی‌ شوبات بكرێت و بڕی‌ پارەی‌ پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستی‌ وەزارەت ئامادەیە. 

لەوبارەیەوە شێركۆ سەعید، بەڕێوەبەری ژمێریاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندووە "وردبینی‌ لیستی‌ ناوی‌ مامۆستایان تەواو بووە، لەسبەینێ 13ی‌ حوزەیرانەوە هەوڵدەدەین ڕەوانەی‌ گەنجینەكانی‌ بكەین، بۆئەوەی‌ دەست بەدابەشكردنی‌ پارەی‌ هاندانی‌ مامۆستایان بكرێت". 

لای‌ خۆشیەوە، حەسەن ڕەشید بەڕێوەبەری‌ گەنجینەی‌ یەكی‌ سلێمانی ڕایگەیاندووە كە تائێستا لەلایەن وەزارەتی‌ داراییەوە  ئاگادارنەكراونەتەوە، هەركاتێك ڕەزامەندی‌ لەسەر خەرجكردنی‌ پارەی‌ هاندان درا دەست بەدابەشكردنی‌ دەكەن.




PM:03:20:12/06/2017