بەهۆی ژەهراویبوونی سەدان ئاوارەی موسڵ ٢ کەس گیانی لە دەستدا

هەرچەندە بەرپرسای تەندروستی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بەهۆی دابەشکردنی خواردنەوە لە کپی خازر ٥٠٠ کەس ژەهراوی بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەرزبۆتەوە بۆ ٨٠٠ کەس، هاوکات گیان لە دەستدانی دوو هاولآتی راگەیاندرا.

لەدوا لێدوانی بەڕێوەبەری تەندروستی بۆ رۆژنامەنووسان، ئاشکرای کرد کە کەسێکی بەتەمەن و مناڵێک لەو ئاوارانەی ژەهراویبوون گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوەبەری تەندرووستی هەولێر دوو کاتژمێر لەمەوپێش ڕایگەیاند " ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی دابەشکردنی خواردنەوە لە کەمپەکانی خازر نزیکەی ٥٠٠ کەس ژەهراوی بوون".

سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندرووستی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی "خواردنەکە لەلایەن ڕێکخراوی راس دابەشکراوە کە ڕێکخراوێکی بیانییە".

بەڕێوەبەری تەندرووستی هەولێر ڕاشیگەیاند "لە توشبووەکاندا هەندێک حاڵەتی مەترسیداری تێدایە و ئەو کەسانە لەژێر چاودێری تەندرووستیدان".

سەرچاوەیەکی تایبەت بە سپی راگەیاند ژمارەی هاوڵاتییە تووشبووەکان گەیشتۆتە ٨٠٠ کەس.

ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەکەوە ژەهراوی بوون لە کەمپی یوتو و کەمپی خازر نیشتەجێکراون.

کەمپی یوتو لە خازر تایبەتە بە ئاوارەکانی شەڕی موسڵ و لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە درووستکراوە و نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە.



PM:11:47:12/06/2017