هاوردەكردنی ئەو كەلوپەلانەی سوكایەتی بە ئایین دەكەن قەدەغە دەكرێت

وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کردووە، داوا دەکات رێگری لە هاتنی هەندێک جۆر کەلوپەل بگیرێت.

لەو نوسراوەدا کە مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بڵاویکردووەتەوە هاتووە '' لەبەرئەوەی حاڵەتی هاوردەکردنی جۆرەکانی کەل و پەل بۆ هەرێمی کوردستان کە سوکایەتی بە ئاینەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە چەند جارێک دووبارە بووەتەوە، بۆیە داواکارین خاڵەسنوریەکان ئاگادار بکرێنەوە و رێگا نەدەن ئەم کەلوپەلانە بگاتە هەرێم''.

داوای ئەوەشکراوە کە رێوشوێنی یاسایی لەدژی ئەو کەسانە بگیرێت کە ئەو کەلوپەلانەیان هێناوەتە هەرێمی کوردستانەوە و بە هاوڵاتییان فرۆشتووە.

جێی باسە لە ماوەی رابردوودا چەندین کەلوپەل هێنراوەتە هەرێم کە ناوی خوا و پێغەمبەری لەسەر بووە لە نمونەی ئەو کەلوپەلانەش پێڵاو بووە.



PM:03:29:13/06/2017