بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم دەبێت

مەسعوود بارزانی، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم دەبێت و پەرلەمانتارێكیش وادەكەی دیاری دەكات.

پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و هەموارنەكردنەوەی یاساكەی بۆتە جێگەی ناكۆكی نێوان پارتی و لایەنە سیاسیەكانی دیكە ڕونیش نییە چارەنوسی  ئەو بابەتە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم بەكوێدەگات.

ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ماڵاَپەڕی SNNی ووتوە "لەئێستادا هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە لایەنەكان ڕێكەوتن بكەن و بتوانرێت پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە بەجۆرێك، سەرجەم لایەنەكان بەشداربن تێیدا و دەستبەكاركردن بكاتەوە بەتایبەت لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان".

ئاری هەرسین وتوشیەتی "كاراكردنەوە پەرلەمان بەهەمولایەنەكان دەبێت، دواتریش دەبێت هەوڵبدرێت كار بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆم بكرێت".

لەبارەی دەستبەرداربونی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێـ "مەسعود بازرانی هیچ كات باكی بەپۆستی سەرۆكی هەرێم نییە و دوای بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییش بازرانی بڕیاریداوە واز لەهەموشتێك دەهێنێت و دەستبەرداری ئەو پۆستە دەبێت".

بارزانی لە 20/8/2015وە وادەی سەرۆكایەتیەكەی كۆتایی پێهاتووە، بەڵام تا ئێستا كار و بارەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ڕادەپەرڕێنێت.



PM:02:15:20/06/2017