نێچیرڤان بازرانی گەیشتە ماڵی تاڵەبانی

جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و شاندێكی یاوەری گەیشتنە دەباشان كە ماڵی تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لێیە‌و پێشتریش سپی بۆ یەكەمجار زانیاریی ئەو سەردانەی ئاشكرا كردبوو.

پێشتر بەرپرسێكی باڵای پارتی بە سپی راگەیاند كە نێچیرڤان بارزانی جێگیری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پڕۆژەیەکی نوێوە سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و سەرکردەکانی یەکێتیدا کۆدەبێتەوە و لەو ڕێیەشەوە دەستپێشخەرییەک دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان.

بەرپرسەكەی پارتی بۆ سپی میدیای ئاشکرای کرد کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات بە دەستپێشخەری و پڕۆژەیەکی نوێوە و تێیدا پڕۆژەکە دەخاتە بەردەم هێرۆ ئیببراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاڕاستەی بزووتنەوەی گۆڕانی دەکات.

ئەو بەرپرسەی پارتی کە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە پارتی لە پێناو پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمدا دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم ئامادەکردووە و نێچیرڤان بارزانیش دەیەوێت یەکێتی و گۆڕان بەو پڕۆژەیە ڕازی بکات تا هەردووکیان بە فەرمی پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆمە بڕیارلێدراوەکەی هەرێم بخەنە ڕوو.

بە گوێرەی وتەی ئەو بەرپرسە لە پڕۆژەکەدا پارتی ڕازییە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەم سەرۆکایەتیییەی ئێستایەوە بە مەرجێک لە پەرلەماندا هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕازی بن بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانیشدا.
ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوەشکرد کە پێدەچێت ئەمە دواین دەستپێشخەری پارتی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بە وتەی ئەو پارتی هەموو ڕێگایەکی لەم دەستپێشخەرییەدا گرتووەتە بەر بۆ ڕازی کردنی لایەنە سیاسییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت بەردەوام بەرپرسانی گۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەو مەرجە پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەکەن کە ڕیفراندۆم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لێ بدرێت.



PM:02:38:22/06/2017