بەهرۆز گەڵاڵی: گەر ریفراندۆم دوانەخرێت، دەبێت کورد خۆی بۆ شەڕی کۆڵانەو کۆڵان ئامادە بکات

بەهرۆز گەڵاڵی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەندان ساڵە نوێنەرایەتی حیزبەکەی دەکات لە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، ئەو ئەزموونێکی باشی هەیە لەگەڵ سیاسیەکانی ئەو دوو وڵاتەو، دەزانێت هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتەو بەتایبەتی حکومەتی تورکیا چییە لەسەر کێشەکانی ناوچەکەو کورد بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی. 

ماڵپەڕی سپی، ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵدا ساز کردووە، ئەویش زۆر بەڕاشکاوانە ئەو مەترسیە گەورانە ئاشکرا دەکات کە لەئەنجامی ریفراندۆمدا رووبەرووی هەرێم دەبێتەوە، بەتایبەتی هەڵوێستی حکومەتی تورکیا، لەوانە سنور داخستن و رێگاگرتن لەهاتن و چوونی فڕۆکە بۆ فرۆکەخانەکانی هەرێم، تا دەگاتە راوەستانی ناردنی نەوت بەڕێگای بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەرەکانی تورکیا. ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:  
سپی: بەرێزت چەند ساڵێکە بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی لە تورکیا، راڤەی تۆ چییە بۆ ھەڵوێستی حکومەتی تورکیا لەسەر ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان؟

بەهرۆز گەڵاڵی: ئەوەندەی بەنده ئاگاداربم توركیا نیگەرانە لەو بریارەی كه جەنابی بارزانی و هەندێ له حیزبەكان له هەرێم دەربارەی دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم داویانه و بەبڕیارێكی تاكلایەنه و دیراسەنەكراوی دەزانن. دڵنیاشم لەوەی كه توركیا لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەیه و چەندی بابەتەكه زیاتر لە جدییەت نزیكبێتەوه، حكومەتی توركیا دوای جەژن، رونتر و راشكاوانەتر هەڵویستی حكومەت و دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن و هەتا ئەگەری زۆر هەیه، رەنگه داوەتی بارزانیش بكەن بۆ توركیا بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەته.
سپی: لەو باوەڕەدایت ھەندێک ناوەندی حکومەتی تورکیا بەو ئاراستەیە کاربکەن کە ھەرێمی کوردستان وەک ئەزمونی قوبرس دابەشبکەن و بەشێک لەھەرێم ھان بدەن بەناوی ریفراندۆمەوە جیاببنەوەو دواتر بچنە سەر  دەوڵەتی تورکیا؟

بەهرۆز گەڵاڵی: نەخێر لەو باوەڕەدانیم و پێشموانیه له ئەجێندا و بەرنامەی دەوڵەت و حكومەتی ئێستای توركیادا بابەتی لەم شێوه یە له رۆژەڤیاندا هەبێت.
سپی: ئەگەر تورکیا دژی ریفراندۆم بوو، ھەرێمیش سەرکەشی کردو ئەنجامی دا، پێشبینی چی دەکەیت لەمەڕ ئەو رێوشوێنانەی تورکیا دژی کورد دەیگرێتە بەر؟
بەهرۆز گەڵاڵی: بارتی تاكلایەنه، بڕیاری خۆی داوه و هەندێ له لایەنەكانی تریشی كۆكردۆتەوه و بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان رۆژی ئەنجامدانی ریفەراندۆمی دیاریكردووه. بەبێ ئەوەی هیچ ئەرزییەتێكی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی و ئابوری و ئیداری و ماڵییان بۆ ئاماده كردبێت. به توركیایان وتوه ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان و جیابونەوه له عێراق و گەڕانەوەی كەركوك و شوێنه جێ ناكۆكان نییه. به ڵكو بۆ ئەوەی وەک كارتێك بۆ گفتوگۆ له بەرانبەر بەغدا بەكاری بێنین. باشه گەر بۆ ئەو سێ بابەتە نییه، بۆ دەیكەین؟ خۆ كورد دەتوانێ بەبێ ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بڕواته بەغدا و داوای مافی رەوای خۆی بكات و بەدیالۆك و گفتوگۆ و هەتا داوای سەربە خۆیی كوردستانیش بكەین. ریفراندۆم دوا هەنگاوه كه له كۆتاییدا پەنای بۆ بەرین. 
من خۆم بڕواموایه ریفڕاندۆم لەكاتی خۆیدا ناكرێت. هەموو دنیا تەئیدی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو كات و ساتەی ئێستادا ناكەن.  داوا دەكەن دوا بخرێت، كەچی سەركردایەتی پارتی بەتایبەتی خۆی بێدەنگ كردووه. وەک ئەوەی كه گوێی لەهیچ نەبووبێت  هەڵسوكەوت دەکات.
 دیپلۆماتەكانیان قسەی خۆشیان بۆدەكەن، دڵنیام ڕاستییان پێناڵێن؟ بەداخەوە حزبەكەی خۆشم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەبوایە رەخنە لەم سیاسەتانەی پارتی بگرن، چونكە دۆست ئەوەیە كە بتگرێنێت. بێشبینی دەكەم دوای جەژن توركیا هەندێ هەنگاوی كرداری بهاوێت لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، چونكە پێموایە سەركردایەتی  پارتی لەوبارەیەوە حیساباتی وردی نەكردوە. 
دەپرسم ؟ حسابی ئەوه كراوه كه توركیا  ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەكانی كه لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی هەڵدەستن، دابخات؟ حسابی ئەوه كراوه دەرگای ئیبراهیم خەلیلمان لێ دابخات ؟ حیسابی ئەوه كراوه نەوتەكەی كه به بۆری ئێستا بۆ توركیا دەنێردری رانەگیرێت و نە‌هێڵێت بڕوات؟ حیسابی موچه و ژیانی ئەو خەڵكه كراوه؟ حسابی ئەوه كراوه  ئەو عەسكەرەی توركیا كه بە ئاگاداری و ڕەزامەندی سەركردایەتی پارتی زیاتر له ١٨ هەژده بنكەی سەربازی له كوردستانی عێراق له پارێزگای  دهۆك و به شێكی هەولێر ئامادەگی هەیه و جێنیشینبووه! بەیانی ریفڕاندۆم بكرێ و دەوڵەت رابگەیەنرێت؟ گەرەنتی هەیه كه ئەو سەربازانه نایەنە سەرمان و قوڕگمان ناگرن؟ خۆم بڕواناكەم خاوەنی بیرۆكەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بیر لەدروستكردنی دەوڵەتی كوردستان بكاتەوه، چونكه ئەگەر بیری لێبكردابایەته وه! دەبوایه هەرزوو مشوری لابردنی ئەو 18 قاعیده عەسكەریانەی سووپای توركیای بخواردایه كه لەسەرخاكی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و، دەبوایه بەزووی داوای كشانەوەیانی بكردایه. پێش راگەیاندنی ریفراندۆم و ئیعلانی دەوڵەتی كوردستان.
سپی:سەركردایتی كورد لەم هەلومەرجەدا چی بکات باشە، پێشنیاری تۆ چییە؟
بەهرۆز گەڵاڵی: پێویسته بەرچاومان روون بێت، له ئێستاوه بیزانین كه ئاماده كاری بۆ دروستكردنی فیتنه و شەڕ له دژی گەلەكەمان به رێگایەوەیه. بێگومان بۆ كەركوك و شوێنه جێناكۆكەكان. ئایا دەمانەوێت كەركوك و شوێنه جێناكۆكەكان بكەونەوه دەست حەشدی شەعبی و حكومەتی بەغدا ؟ پێویسته لەمه ئاگاداربین. شەڕ رووبدات شەڕەکە دەکەوێتە ناوچەكانی ژێر ده سەڵاتی نوفوسی یەکێتی و دەوروبەری مەخمور. من پێموایە ئەو شەڕە روودەدات. من له روانگەی هەستی نەتەوەییەوە و هەستكردن به لێبرسراویەوەتی مێژوویی خۆمەوە، مەجبوورم مەترسییەكانی هەستی پێدەکەم و هەیە، پێتانی بڵیم بۆ بەرچاو روونی بیخەمە بەرچاوی سەرکردایەتی کورد. بەندەش وەک هەموو تاکێکی کورد دەمەوێ كوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەڵام بەو رێگایەی ئێستا دەستمان داوەتێ، ئەو رێگایە بەهەڵەیەکی گەورە دەزانم کە دەستمان داوەتێ و گرتوومانەتە بەر. بەندە ئەو رێگایە بەهەڵەیەکی سیاسی گەورە دەزانم و بەهەنگاوێکی ستراتیژی و زیرەکانەی نازانم، چونكه دەوڵەت بەعینادی بەرامبەر ئەمەریكاو روسیاو فەرەنسا و ئینگلیز و یەکێتی ئەوروپاو وڵاتانی تر دروست نابێت، باسی توركیا و ئێران و عێراقیش هەرناكەم، ناتەبایی ناوخۆشمان هەرباس ناكەم.
ئێستاش ئەگەر سەركردایەتی كورد بەم سیاسەتەی ئێستادا نەچێتەوه، واز له سۆزو عاتیفە نەهێنن؟ دڵنیابن هەرێمی كوردستان تووشی شهڕێکی وا دەكرێت كه پێی دەڵین شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، بۆیه داوا دەکەم، تكا دەکەم ! چێکی قەنەواتی زانیارییەکانتان بکەنەوە، فایدەی زۆری بۆ کوردو نەتەوەکەمان دەبێت. هەقە جەسووربین بیرێکیش له دواخستنی ریفراندۆمەكه بۆ كاتێكی گونجاوتر بكەینەوە، دڵنیام بۆ گەلەکەمان باشتردەبێت، چونکە ئەوە داواکاری دەوڵەتە گەورەکانە، هی ئەوانەیە کە کاریگەری سیاسیان هەیە لە سەر دروستکردنی بڕیاری سیاسی ناوچەکەی ئێمە. مەسەلەی داعش تەواوبێت بە وریای رەفتار نەکەین بەرەو بەغدا مەجبورمان دەکەنەوە، بۆیە داوا لەسەرکردایەتی پارتی دەکەم بەبێ قەیدو شەرت پەرلەمان کارا بکەنەوە، حکومەتێکی نوێی بەهێز دروستبکەین و سیستەمێکی دیموکراسی پشت ئەستور بە یاسای شەرعی و دادپەروەرانە دروستبکەین.
ئەگەر ئەمانەش ناکەین دەبێت خۆمان بۆ شەڕێکی قورسی کۆڵان بە کۆڵان ئامادە بکەین، خۆمان بۆ تەقینەوەو نا ئیستقراری هەرێم ئامادە بکەین و، چاوەڕێی ئەوەش بکەین لە بەینی ئێمەی کوردو داعش و حەشدی شەعبی و دەوربەرەکانیان شەڕ روودەدات.
سپی: تۆ ماوەیەکی زۆر بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتێ بوویت لە ئێران، چۆن ھەڵوێستێ ئێران دەخوێنیتەوە بەرامبەر راپرسی ھەرێم؟ بەبۆچونی تۆ ئێران چ رێوشێنێک بەرامبەر ھەرێم دەگرێتە بەر ، ئەگەر ھەرێم سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟

بەهرۆز گەڵاڵی: راسته بەنده ماوەیەك نوێنەری مام و یەکێتی بووم له ئێران، بەڵام من ئەو هەقە بە خۆم نادەم لە باتی نوێنەری یەکێتی هاوڕیم مامۆستا نازم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە. دڵنیام  بەڕێزیان لە من ئاگاداری وردەکارییەکانی سیاسەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام دەتوانم ئەوەندە بڵێم رای کۆماری ئیسلامی ئێران روونە دەربارەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئەوان فەرشێک بە دەساڵ دروستدەکەن ئەوەندە هێمن و لەسەرخۆن لە بڕیارداندا، بەڵام لە ئاست ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانەوە بڕیاری پێشوەختەیان هەیەو بەدڵنیایەوە لە دژی ریفراندۆمن و دەستەوسانیش ناوەستن. هەموو رێگایەکیش بە تەدریجی تاقی دەکەنەوە بەمەبەستی دواخستنی ریفراندۆم و ئەنجامەندانی، سەرکردایەتی کورد ئەگەر ئەوە نەزانێ؟ یان حیسابی بۆ نەکردبێ؟ یان بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوەیەی بەندەوە بڕوای هەبێت؟ مانای وای لە ئەلف و بێی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی تێنەگەیشتوون.





ئه‌م بابه‌ته 22185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:45:25/06/2017