ئەو کوڕەی خەسووی خۆی کوشت هۆكارەكەی باس دەكات

"ف . ڕ" ناوی ئەو گەنجەیە كە رۆژی 13ی ئەم مانگە لەپاش پارشێو هێرشدەكاتە سەر ماڵ خەزوری‌و بەتەقەی خەسووی خۆی‌و دراوسێیەكی ماڵی خەسوی دەكوژێت.

"ف" كە ئێستا لەزینداندایە هۆكاری كوشتنی خەسوی خۆی بۆ رووداو بەم جۆرە باس دەكات "ئەو شەوە لەگەڵ دوو هاوڕێم تاوەکو درەنگ خواردمانەوە، نزیکەی کاژێر دووی شەو بوو لەگەڵ یەکێک لە برادەرەکانم چووینە کارگەیەک و لەوێ ماینەوە، ئەو نووست، منیش کە زۆر بێتاقەت بووم، سویچی ئۆتۆمبێلەکەی هاوڕێکەم هەڵگرت و رۆیشتم، لەناو ئۆتۆمبێلەکە هەندێک خواردنەوەی تێدا مابوو، ئەویشم خواردەوە، تەلەفۆنم بۆ ماڵی خەزوورم کرد و لەگەڵ کوڕە خەزوورەکەم بووە دەمەقاڵێمان، داوام لێکرد من و هاوژینەکەم لەیەکدی جیاببینەوە، چونکە بەیەکەوە نەدەگونجاین".

(ف) هەر ئەو شەوە بەئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی دەچێتە بەردەم ماڵی خەزووری و بە چەک هەڵدەکوتێتە سەریان. (ف) دەڵێت "بەبێ ئەوەی کەس ببینم، لەسەر دەرگای حەوشەوە دەستڕێژی گوللەم لێکردن و هەڵاتم".

پێش ئەنجامدانی تاوانەکە (ف) و ماڵی خەزووری بۆ چارەسەری کێشەکە رێککەوتبوون. ئەو گوتی "پێش رووداوەکە لەگەڵ ماڵی خەزوورم دانیشتین و پێکهاتین، تەنانەت کوڕی خەزوورم پێیگوتم مانگانە 100 هەزار دینار دەدەمە باوکت، با ئەویش ژوورێکتان بداتێ و تێیدا بژین، بەڵام کاتێک هاتمە ماڵەوە دایکم نەیهێشت و گوتی خۆم سووتاندبێت ناهێڵم بێنەوە ئەم ماڵە".

(ف) دەڵێت، هۆکاری رووداوەکە ئەو قسانەی دایکی بووە و زۆر لەوە تووڕە بووە.

رابیعە سدیق نازانێت شین و رۆڕۆ بۆ مەرگی دایکی بکات یان بۆ لێکترازانی خێزانەکەی. ئەو بە گریانەوە گوتی: "هەموو شتێکم قبوڵ بوو، ئامادەبووم لە تەنیا ژوورێکدا بژیم، بەڵام هاوژینەکەم کاری نەدەکرد، هەرچییەکی دەستکەوتبایە بە مەشرووبی دەدا. دایکم یارمەتی دەداین".

رابیعە دەڵێت چەندینجار لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە "بەردەوام بە شەق و زللە و دار لێیداوم".

بۆیە ماوەیەک پێش رووداوەکە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردبوو. رابیعە دەڵێت "شکاتم لێکرد و بە بەڵگەی پزیشکی و وێنەوە شوێنی لێدانەکانیم هەیە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام دەستگیر نەکرا. زیاتر لە مانگێکە هاتوومەتەوە ماڵی باوکم، چونکە بێ ماڵ و پارە بووین".

بوختان بۆ کوڕەکەم دەکەن

لەبارەی شەوی رووداوەکەشەوە رابیعە گوتی "نزیکەی کاژێر یەکی شەو تەلەفۆنی بۆ کردم، بە تووڕەییەوە گوتی دایکم خانوومان ناداتێ. دواتر گوتی دەبێت هەمووتان بکوژم، منیش پەیوەندیم بە خەزوورمەوە کرد و پێمگوت کوڕەکەت هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکات، بەڵام ئەو گوتی وا نییە ئێوە بوختان بۆ کوڕەکەم دەکەن".

سەبارەت بە کاتی رووداوەکە رابیعە گوتی "لەسەر دەرگاوە دەستڕێژی گوللەی لێکردین، دایکم دەستنوێژی هەڵگرتبوو، پەلاماری کچەکەمی دا بۆ ئەوەی گوللەی بەرنەکەوێت، بەڵام گوللەیەک بەر خۆی کەوت".

سەباح سدیق، برای رابیعە باسی شەوێک پێش رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "ئێمە شەوێک پێش رووداوەکە لەگەڵ (ف) دانیشتین، بۆ ئەوەی ژیانیان لێ نەشێوێت برایەکم ئامادەیی دەربڕی هاوکارییان بکات و خۆمان خانووی بۆ بەکرێ بگرین، بەمەرجێک ببێت بە کەسێکی باش و خوشکەکەم بباتەوە، بەڵام دیارە ئەو لەگەڵ ماڵی باوکی شەڕی ببوو، هەڵیکوتایە سەر ئێمە و دایکم و گەنجێکی دراوسێمان کە هیچیان تاوانیان نەبوو، تێداچوون".

سەباح دەشڵێت: "دایکم زەکات و خێری خزمەکانی کۆدەکردەوە و لە دەستی زاواکەمانی دەکرد، دەیگوت با دوو منداڵەکەی سەرگەردان نەبن، بەڵام بەداخەوە ئەوە پاداشتی بوو".

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "ئەو رووداوە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و تۆمەتبارەکە لە ماوەی 24 کاژێردا دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا نا".



PM:03:28:28/06/2017