عەبادی: شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایدەكات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات ڕاشیگەیاند "هیچ مەرجێكی پێشوەختەیان بۆ هەرێم نیە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تەموز لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق ئاشكرایكرد شاندێكی هەرێمی كوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ شاندەكە گفتوگۆدەكەن لەسەر كێشە ‌هەڵپەسێردراوەكانی‌ نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێكی تر، هاوكات گفتوگۆ لەسەر ئاو و دەروازە ‌سنوورییەكانیش دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ مەرجێكی ‌پێشوەختەیان نییە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندەكەی هەرێم، بۆئەوەی ‌كۆبوونەوەكەیان‌ بەشێوەیەكی‌ باش بەڕێوەبچێت، داوای ‌شەفافیەت و ئاشكراكردنی‌ دۆسیەكانی‌ هەناردەكردنی‌ نەوت و داهاتی ‌دەروازە ‌سنوورییەكان لە ‌شاندی هەرێم دەكەن.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كە ناكۆكی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبووە، چەند جارێك شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵای عێراقدا كۆبوونەتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكان بێئەنجام بوون و كێشەكان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.



AM:10:24:05/07/2017