لەبەرامبەر ئەم كارە
پارتی 15 پۆست دەداتە یەكگرتوو!

بەرپرسێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە هەولێر ئاشكرای دەكات كە مەرجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێدانی 15 پۆستی ئەو شارە جیابوونەوەیان بووە لە كۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی فراكسیۆنی خزمەتدا كە پێكەوەن.

فەرهاد یاسین لێپرسراوی مەڵبەندی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە رۆژنامەی ״ئاژانس״ی ڕاگەیاندووە ״هەوڵ درا نزیكەی 15 پۆستمان لە هەولێر پێ بدەن بە مەرجێك لیستی خزمەت هەڵبوەشێنینەوە كە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیدا لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم پێكمان هێناوە״.

وتیشی: ״ئێمە ڕازی نەبووین بەو مەرجە و بە هۆیەوە پۆستەكانمان پێ نەدرا״.

هاوكات عەباس محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی خزمەت لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە پشكی كۆمەڵی ئیسلامی وتی: ״ئێمە وەك ئەندامانی كۆمەڵ ئاگاداری هەوڵێكی لەو جۆرە نین، ئەوە زیاتر پەیوەندیی بەو دوو لایەنەوە هەیە كە گفتوگۆیان لەسەر كارێكی لەو جۆرە كردووە״.

بە پێی زانیارییەكان ئەو پۆستانەی كە بڕیار بووە بدرێن بە یەكگرتوو بەڕێوەبەری ناحیە و پۆستی هاوشێوەی بوون.
بارزان سدیق سوارە ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: ״ئاگاداری ئەو هەوڵە نین كە لە لایەن لایەنە سیاسییەكانەوە بۆ دابەشكردنی پۆست ئەنجام دراوە، بەڵام بە هۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە دابەشكردنی پۆستەكانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ نەكراوە״.

بەڵام غازی عەلی ئەندامی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وتی: ״لە میانەی گفتوگۆكردن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەولێر، پارتی پێی باش بووە بە جیا لەگەڵ یەكگرتوو لەسەری ڕێك بكەون، نەوەك لە چوارچێوەی فراكسیۆنی خزمەتدا״.



PM:03:09:05/07/2017