هاتوچۆی سلێمانی: لە 6 مانگدا 92 كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ مردوون

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاماری 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵ ڕووداوەكانی هاتووچۆی بڵاوكردەوە و 92 كەس بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 6ی تەمموز، كاروان محەمەد سدیق، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە شەش مانگی ڕابردوودا ژمارەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ ٥٤٠ ڕووداو بووە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە 92 كەس بووە، ژمارەی بریندارانیش  یەك هەزار و 475 كەس بووە.

ناوبراو هۆكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆشی گەڕاندەوە بۆ تیژڕەوی و مەینۆشی و پابەندنەبوونی شۆفیران بە یاساكانی هاتوچۆوە.

كاروان محەمەد سدیق، ئاماژەی بە تۆماری ئۆتۆمبێل كرد و ئەوەی خستەڕوو كە تۆماری یەكەم جاری ئۆتۆمبیل لەم شەش مانگەدا بریتی بووە لە  10 هەزار و 633 ئۆتۆمبێل و هەر لەو ماوەیەدا 9 هەزار و 514 مۆڵەت دراوە.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ڕوونیشیكردەوە، كۆی داهاتی هاتوچۆی سلێمانی لە شەش مانگی رابردوودا  33 ملیار و 96ملیۆن و  348 هەزار دینار بووە.




PM:02:20:06/07/2017