وادەی گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی موچە ئاشکراکرا

لە مانگی ئەیلولەوە موچە بەسیستمی بایۆمەتری دابەش دەکرێت و بڕیار لەسەر شێوازی پاشەکەوتی موچە و گۆڕانکاریەکانی دەدرێت.


بەگوێرەی زانیاریەکان حکومەتی ھەرێم لەبەرنامەیدایە دوای ئەوەی لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ موچەی لەسەر بنەمای سیستمی بایۆمەتری دابەشکرد، پاشەکەوتی موچە بخاتە سەر حسابێکی بانکی و ھەرکاتێک داھاتی زیادیکرد، پارە بخرێتە سەر ژمارەی حسابی موچەخۆرو بەوشێوەیە پاشەکەوت بداتەوە.

لەسەر ئەو پرسە ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاندووە "لەمانگی ئەیلول تەنھا ئەو کەسانە موچە وەردەگرن کە لەسیستمی بایۆمەتری موچە تۆمارکراون".

ئاشکراشی کردووە "حکومەت سێ پێشنیازی لەبەردەستدایە بۆ پێداچوونەوە بەپاشەکەوتی موچە، ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەیە کە بەیەکجاری پاشەکەوتی موچە نەمێنێت، چونکە حکومەت نزیکەی ھەشت تریلیۆن دینار قەرزدارەو ناکرێت قەرزی پاشەکەوتیش بەردەوام بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لەبەرنامەیدایە کە ھاوکات لەگەڵ دابەشکردنی موچە بەسیستمی بایۆمەتری، ژمارە حسابیەک بۆ موچەخۆران بکاتەوەو بڕی پاشەکەوتی بخرێتەسەر.

بەوتەی ئاراس خۆشناو "پاشەکەوتی ناو ژمارە حسابیەکە سەرەتا بۆدانەوەی قەرزی روسومات و خزمەتگوزارییەکان بەکاردەھێنرێت، پاشان بڕیارەکە وایە ھەرکاتێک حکومەت داھاتی زیادیکرد، پاشەکەوتی موچە بداتەوە".



PM:01:00:07/07/2017