ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

ئەندامێكی سەركردایەتی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات، ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەچەند رۆژی داهاتوشدا وەك هەنگاوی یەكەم هاوپەیمانێتی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان رادەگەیەنرێت.

د.ئیسماعیل نامیق، لەڕێی لاپەڕەی تایبەتیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە چاوەڕوانی راگەیاندنی هاوپەیمانێتی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان دەكەن.

ناوبراو دەڵێت "پێشتر بەشێكی زۆری كارەكانی دروستكردنی هاوپەیمانێتی نێوان فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی تەواو بوە، لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو هاوپەیمانێتییە لە هەر سێ ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان رادەگەیەنرێت".

د.ئیسماعیل نامیق جەختیكردۆتەوە، بەو هەنگاوە هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا پتەوتر دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كۆی پرسەكاندا و دەستپێكیش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی.



PM:01:08:10/07/2017