تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری موچەخۆران، ئاگاداری هەموو یەکە ژمێریارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە  کە دەبێت پێش ڕۆژی ١٥ی هەموو مانگێک، لیستی ئەلکترۆنی موچە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری، بۆ گەنجینەکان بنێرن.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى بۆ "سپی میدیا" نێردراوە لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری موچەخۆران ئاگاداری یەکە ژمێریاریەکان دەکاتەوە، کە دەرئەنجام و بەرپرسیاریەتی یاسایی هەر حاڵەتێکی دواکەوتن لە ناردنی لیستی داواکراو دەکەوێتە ئەستۆی یەکە ژمێریاریەکان.

بە هەمان شێوە دیوانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی دروست و لە کاتی خۆیدا.

ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦، پرۆسەی بە بایۆمەتریکردنی موچەی موچەخۆران لە پارێزگاکانی هەرێم دەستیپێکرد و پرۆژەکە بریتییە لە تۆمارکردنی ناو و زانیاری پێویستی سەرجەم موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لە سیستمیکی ئەلکترۆنیدا، پرۆژەکە هی وەزارەتی داراییە و لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕی کوردەوە دروستکراوە و سەرپەرشتی دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەربارەی سیستمەکە ئاشکراکراوە، هۆکارەکانی دروستکردنی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی داتایەکی ورد و دروست لەسەر موچەخۆران بەشێوەی ناوەندی و نەبوونی کارتی ئەلکترۆنی موچەخۆران، کە بووەتە بەربەست لەبەردەم جیاکردنەوەی موچەخۆری ڕاستەقینە و دووبارە.

بە گوێرەی پرۆژەکە دوای دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چیتر موچەخۆری ناڕاستەقینە (بندیوار) نامێنێت و داتایەکی دروست لەسەر موچەخۆری ڕاستەقینەی حکومەت دەستدەکەوێت.

هەر بەپێی زانیاریەکان لەدوای مانگی ئەیلولەوە مووچە بە سیستمی ئەلکترۆنی دابەش دەکرێت و لەگەڵ ئەو شێوازە نوێیەشدا ئەگەری دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە هەیە.



PM:03:29:11/07/2017