ڕۆژنامەنوسێک: پارتی داوایکردووە هەولێر جێبهێڵم
"لەدێگەڵە خانوو دروست دەکەم"

مەسعود عەبدولخالق، ئاشکرایدەکات ئاسایشی پارتی هەڕەشە لەنوسینگەكانی فرۆشتن و بەكرێدانی خانوو کردووە خانوو بەكرێ نەدەنە ناوبراو و ڕایدەگەیەنێت "ئەگەر بخرێینە ئەودیوی دێگەڵە لەو شوێنەی داماندەنێن، ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون دادەنێین".


مەسعود عەبدولخالق، سەرۆكی دەزگای ستاندارد بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە دوای دەستبەسەركردنی لەسەر سكاڵایەكی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكردووە كە "لەسەر ریفراندۆم دەستگیركراوم، نەك لەسەر سكاڵای ئەو وەزیرە".

وتیشی "دوای چەندجارێك داخستنی دەزگای ستاندار، ئێستا بەوتەی خۆیان ڕێگەیان بەكردنەوەی داوە، بەڵام هەموو لایەكیان ڕاسپاردووە كە هیچ كەسێك خانوومان بەكرێ پێنەدات، لەهەموو شوێنەكان خەڵكیان تەبلیغ كردوەو هەڕەشەیان لێكردوون، تەنانەت هۆتێلەكانیشیان بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداركردۆتەوە".

بەوتەی مەسعود عەبدولخاڵق، ئاسایشی پارتی بەشێویەكی ناڕاستەوخۆ داوایان لێكردووە شاری هەولێر بەجێ بهێڵێت، لەوبارەیەوە وتی:  ئێمە هەولێر چۆڵ ناكەین و دەمێنینەوە، چونكە گەنجەكانی ئەو شارە كە جموجۆڵی باشیان هەیە، چاوترسێن دەبن و كاریگەری خراپی لەسەریان دەبێت".

لەئەگەری بەزۆر دەركردنیشی لە شارەكەی، سەرۆكی دەزگای ستاندەر رایگەیاند " بڕیارمانداوە ئەگەر بەزۆر دەربكرێین و بمانخەنە ئەودیو بازگەی پردێ یان دێگەڵە، ناچینە سلێمانی، بەڵكو لەو شوێنەی داماندەنێن، ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون دادەنێین و وەك دروستكردنی جوڵەیەك كە هەرچی لەهەولێر دەركرا، بێتە ئەو شوێنە و نیشتەجێ بێت".



PM:04:05:11/07/2017