بەرپرسێكی عێراقی "مەترسی" ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكرا دەكات

سەرۆكی‌ هاوپەیمانی‌ نیشتیمانی‌ عێراق، پێیوایە سوربوونی‌ كورد لەسەر ریفراندۆم ناوچەكە روبەڕووی‌ تسۆنامی‌ دابەشبوون دەكاتەوە، پرسیاریش لەكورد دەكات كە ئایا بەتەواوی‌ ئەو بڕیارەیان داوە یاخود كاردانەوەیە بەرانبەر سیاسەتەكانی‌ بەغدا.

عەممار حەكیم سەرۆكی‌ هاوپەیمانی‌ نیشتیمانی‌ عێراق، دوێنی لەمیانەی‌ وتەیەكیدا لەدیوانی‌ بەغدا بۆ دەستەبژێری‌ سیاسی، رایگەیاند "رووبەری‌ هەرێمی‌ كوردستان پێش ساڵی‌ 2003، جیاواز بووە لەرووبەری‌ دواتر، كورد دووجار و لەساڵانی‌ 1917 و 2005 مانەوەی‌ لەعێراق هەڵبژاردووە".

حەكیم هۆشداریدا لەزیندووبوونەوەی‌ بیرۆكەی‌ جیابوونەوەی‌ چەندین ناوچە لەعێراق، لەسەرووی‌ هەموویانەوە بەسرەو ناوچەكانی‌ باشور، پێشیوایە ئەو كارە دەگوازرێتەوە وڵاتانی‌ دراوسێ، بەوەش ناوچەكە روبەڕووی‌ "تسۆنامی‌ دابەشبوون" دەبێتەوە.

جەختیشیكردەوە، هەرچەندە دیاریكردنی‌ مافی‌ چارەی‌ خۆنوسین مافێكی‌ مرۆییە، بەڵام كێشە لەچۆنیەتی‌ جێبەجێكردنیەتی‌ و یاسای‌ راپرسی لەپەرلەمانی‌ عێراق و پەرلەمانی‌ هەرێم بوونی‌ نییە، هەروەها كۆمسیۆنی‌ تایبەت بەراپرسیش نییە.

عەممار حەكیم پرسیاری‌ ئەوەی‌ كرد كە ئایا ئەو بڕیارەی‌ كورد بژاردەیەكی‌ بڕاوەیە و گەڕانەوەی‌ بۆ نییە، یاخود كاردانەوەیە بەرانبەر رێوشوێنەكانی‌ پێشێلكردن و پێنەدانی‌ مافەكانیان وەك خۆیان پێیانوایە.

بەوتەی‌ حەكیم، گفتوگۆ تاكە چارەسەرە لەلای‌ حكومەتی‌ عێراق بۆ چارەسەری‌ كێشەكان.



PM:03:46:16/07/2017