بۆ یەكەمجار دوو بێژەرە دیارەكەی ئێن ئاڕتی هۆكاری وازهێنانیان ئاشكرادەكەن

هەردوو بێژەری دیاری كەناڵی ئێن ئاڕتی كە نزیكەی مانگێكە لەكەناڵەكە دوور كەوتوونەتەوە بۆ یەكەمجار هۆكاری وازهێنانیان لە ئێن ئاڕتی ئاشكرادەكەن.

شوان هەركی، لە چاوپێكەوتنێكی هەفتەنامەی "باس"دا باس لە سەرەتای دەستبەكاربوونی خۆی و كاژینی هاوسەری لەكەناڵی ئێن ئاڕتی دەكات و دەڵێت "دوای وەرزی نوێی كەناڵەكە و گۆڕینی سیستەمی پەخش بە ئێچ دی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ هەردووكمان چووینە كەناڵی ئێن ئاڕتی، سەرەتا وەك بێژەر دەستبەكار بووین، بەڵام دواتر بەهۆی ئەنجامدانی كارەكانمان بە باشی، من پۆستی سەرنووسەری هەواڵی كرمانجییشم وەرگرت و تا دوا رۆژی كاركردنمان هەردوو ئەركەكەم بەباشی ڕادەپەڕاند، جگە لە چەندین كاری زیادە و بەرنامە و ڕووماڵ لە بەرەكانی جەنگ".

شوان هەركی باس لە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان دەكات و دەڵێت "تەنیا هۆكارێك نەبوو، بەڵكو چەندین هۆكار هەیە كە وای لە ئێمە كرد بگەینە ئەو بڕوایەی كە ئیدی پێویستە كەناڵەكە بەجێ بهێڵین".

وەك شوان دەڵێت سەرەكیترین هۆكار "لادانی سیاسەتی كەناڵەكە بوو لە بەرژەوەندیی نیشتمانی، لەپێناو هەواڵێك بۆ ڕاكێشانی سەرنجی بینەر، دیارترین نموونەش، بابەتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بوو لە كەركووك كە ئەوكات بە دیاریكراوی لە رۆژی ١٠ی ئەمساڵ هەواڵێك هەبوو لەسەر داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، من وەك سەرنووسەری هەواڵ و وەك ئەركی خۆم بەدواداچوونم بۆ هەواڵەكە كرد، چونكە گومانم هەبوو لە ڕاستیی هەواڵەكە، بەڵام ئەمە بە هەر هۆكارێك بێت لەلایەن بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە قبووڵ نەكرا، بۆیە هەم ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوومەوە لەسەر ڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، هەم سزا درام".

 هەركی دەڵێت "هەر ئەوكات من ئەوەم پێ قبووڵ نەكرا و دەستم لە كار كێشایەوە، بەڵام بەرپرسانی كەناڵەكە دەستلەكاركێشانەوەی منیان قبووڵ نەكرد و پاش هەوڵدانێكی زۆر لەگەڵمدا گەڕامەوە سەر كار، بەڵام ئەوەی نیگەرانی كردم، لەدوای دەستكردنەوەم بە كار، رۆژ بە ڕۆژ لادانی زیاترم ئەبینی لە پرسە نەتەوەییەكان، ئەوكات بۆم دەركەوت بابەتی هەواڵی ئاڵاكە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو كە ئێن ئاڕتی دەستی پێكردووە و بۆیە تەنیا بژارەی چوونەدەرەوە لەو سیاسەتەم لەبەردەمدا مایەوە".

دووپاتیشی دەكاتەوە ئێن ئاڕتی لە دروشمەسەرەكییەكانی خۆی "هاوسەنگی، ڕاستگۆیی، بوێری" لایداوە.

شوان هەركی و كاژین دوو پێشكەشكاری دیاری كوردستانن و چەند ساڵێكە كاری ڕاگەیاندن دەكەن.
 



PM:01:30:18/07/2017