"حکوومەت سەرقاڵی داڕشتنی سیستەمێکی نوێی مووچەیە، بەپێی ئەو سیستەمە پاشەکەوتی مووچە نامێنێت"

وتەبێژی سیستەمی بایۆمەتری مووچە رایگەیاند" تا ئێستا بڕیار لەسەر سیستەمە تازەکەی مووچە نەدراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی داڕشتنی سیستەمێکی نوێی مووچەیە، بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە پاشەکەوتی مووچە نامێنێت، ئەم سیستەمە زیاتر دادپەروەرانەیە، چونکە پێشتر بەھۆی دەرماڵەکان و سیستەمی پاشەکەوت ھەست بە نادادپەروەری دەکرا، دوای لێکۆڵینەوە، سیستەمە نوێیەکە دەچەسپێندرێت".


سەمیر ھەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی باس دەڵێت" لە دەستپێکی پرۆسەی تۆماری بایۆمەترییەوە تا ئێستا یەک ملیۆن و ٢٠٢ ھەزار مووچەخۆر تۆمار کراون، قوتابیاینی تواناسازی و ھاوەڵاکانیان، لەگەڵ ئەو کەسانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان ھەیە، لەگەڵ ھەندێک خانەنشینی دەرەوەی وڵات ماون تۆمار نەکراون، ئەوانە تۆمار دەکرێن، بەڵام خەڵکی تر تۆمار ناکرێن و مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت".

ناوبراو جەختیشی کردەوە "نزیکەی ٦٠ ھەزار مووچەخۆر ماون لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە تۆمار نەکراون، کە رێوشوێنێکی تایبەتیان بۆ دەدۆزرێتەوە، بەشێکی تریشیان ماون کە ژمارەیان نزیکەی ٢٥ ھەزار کەسە کە قوتابی و ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان ھەیە، ئەوانیش لەداھاتوودا تۆمار دەکرێن".

لە ماوەی رابردوودا چەندین داتا خرانە روو سەبارەت بە ئاشکرابوونی دوومووچەیی و سێ مووچەیی لە سیستەمی بایۆمەتری، بەڵام سەمیر ھەورامی دەڵێ: ”جارێ ھیچ داتایەکی دروست سەبارەت بە دوومووچەیی و سێ مووچەیی دەرنەکەوتووە، چونکە پڕۆسەکە کاتی زیاتری دەوێت و دەخرێتە نێو سێرڤەر و سێرڤەرەکە بەراوردی داتا و زانیارییەکان دەکات، ئەوەش کاتی پێویستە، بۆیە ئەوەی گوترابێت لەسەر ئەو بابەتە ھیچ ڕاستییەکی بۆ نییە".
 
ئاشکراشی کرد، یەک ملیۆن و ٣٠٥ ھەزار مووچەخۆر ھەبوو لە ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک ملیۆن و ٢٠٢ ھەزار خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام نزیکەی ٦٠ ھەزار کەسی تریش ماون تۆمار بکرێن.

ئەو جەختی کردەوە: "بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە ئەوەی زیاتر لە مووچەیەکی ھەبێت مووچەکەی دەبڕدرێت، ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە یاسا زیاتر لە مووچەیەکیان ھەیە، بۆ نموونە کەسوکاری شەھیدان".

 ئەو بەرپرسەی سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە روونی کردەوە، لەمەودوا ھەموو مانگێک دەبێت فەرمانگە و وەزارەتەکان تا پێش ١٥ی ھەر مانگێک لیستی مووچە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری بنێرن بۆ گەنجینەکان، گوتیشی: ”لە مانگی داھاتوودا لە ١ی مانگ تا ١٥ی مانگ دەبێت فەرمانگەکان لیستی مووچە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن، دەبێت لە لیستی مووچەدا ژمارەی ناسنامە و ژمارەی بارکۆدی سیستەمی بایۆمەتری ھەبێت، ئەگەر ئەوەی تێدا نەبێت مووچەی ھەر کەسێک بێت رادەگیرێت و لە مانگی داھاتوودا بە تەواوی ئەو سیستەمە دەخرێـتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوەی تۆمار نەکرابێت مافی تۆماری نامێنێت و لە دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لەسەر بنەمای بایۆمەتری، ناو و مووچەیان نابێت".

 




AM:09:21:25/07/2017