"پێشتر ٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی دژی بوون"
یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەکات

سبەینێ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەنجامدەدرێت و ئەگەرچی پێشتر ٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی ڕایانگەیاند کە ئەوان نوێنەریان نییە بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەڵام ئەو حزبە سبەینێ لەسەر ئاستی باڵا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.

فوئاد حسێن دەربارەی شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "کاک کوسرەت رەسوڵ وەکو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێ لەو کۆبوونەوەیە، بەڵام هەر یەک لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی و کاک سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەکو شاندی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە ٣٤ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریانداوە هەر بەرپرسێکی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەی ڕیفراندۆم لەگەڵ بارزانی بکات، نوێنەرایەتی یەکێتی ناکات و سەرکردایەتی یەکیتیش پابەند نابێت بە بڕیارەکانییەوە.



PM:03:18:29/07/2017