هەزاران ماسی لە دەربەندیخان مردن

بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ دارستانی‌ شارەزوور لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا‌ و تا ئێستە بە هەزاران ماسی لە بەنداوە دەربەندیخان لەناوچوون.

سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ دارستانی‌ شارەزوور بە وشەی وتووە، هۆكاری‌ پیسبوونی‌ ئاوی‌ دەریاچەی‌ دەربەندیخان بەشێكی‌ زۆری‌ كارگەكانە، هەروەها بەشێكی‌ تری مادە كیمیاییەكانی‌ وەك شامپۆ و موعجیزەیە كە لە ڕێگەی‌ ئاوەڕۆی‌ شارەكانەوە دەڕژێتە ناو بەنداوەكەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەكاتی‌ گەڕانەوەی‌ ئاوەكەدا، لە سنووری‌ دەشتی‌ شارەزوور پەنگ دەخواتەوە، شوێنكەشی‌ زۆر قووڵ نییە، بۆی بەهۆی‌ بەرزی‌ پلەی‌ گەرماشەوە ئاوەكە گەرم دەبێت، جگە لەوەش بوونی‌ مادەی‌ كیمایی‌ تێیدا بەو هۆیەوە ژمارەیەكی‌ زۆر ماسی مردار دەبنەوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو ماسیانەی‌ مردار دەبنەوە لە جۆری‌ (ڕەقە)ن و بەهۆی‌ مانەوەشیان بە مردووی‌ لە ئاوەكەدا بۆن دەكەن، هەروەها ئەو ماسیانەی‌ تریش لە ئاوەكەدا كە هەن، مردار دەبنەوە بەهۆی‌ بۆنەكەیانەوە.



PM:08:28:29/07/2017