یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە.


دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە:

گەلەكەمان، ناوچەكە، عێراق و كوردستان، لەهەموو بارێكی سیاسیەوە، بەدۆخێكی بێوێنەدا تێدەپەڕێ‌. دۆخەكە، ئەگەری سیاسی جۆراوجۆر، بە باری دژوارو باری سەركەوتنی ئەركە مێژوییەكانمانی، لێ چاوەڕوان دەكرێ‌. ئەگەر باری دژوارمان رووبەروو بوەوە، دەبێت لەهەموو بارێكەوە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین. خۆ ئەگەر هەلی سەركەوتنیش رەخسا، دەبێت بەبەرنامە بەپیریەوە بچین.

لەمێژووی دوو سەدەی نەتەوەی كوردستاندا، دۆخی وا، روینەداوە. بۆیە، ئەركی مێژوویی هێزە سیاسیەكان و حكومەت و پەرلەمانی ئاساییكراوەی چاوەڕوانكراوی كوردستانە، پێكەوە، بیرێكی هەمەلایەنەی قوڵ بكەینەوە، بۆ چۆنیەتی راپەڕاندنی ئەركە نەتەوەیی، نیشتمانیی، یاسایی و سیاسیە هاوبەشەكان، ئەویش لەچوارچێوەی ناوەندە شەرعیەكان و كۆدەنگیی نیشتمانیدا. لەمڕوەشەوە، دەبێ‌ دوو ئامانج بەدیبهێنین، ئەوانیش چارەسەركردنی ئاستەنگی ئابوری خەڵك و چارەسەری سیاسی و یاسایی كوردستانە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەموو قۆناغە چارەنوسسازەكان، دەركی ئەركی ئەم قۆناغە هەستیارەی، لەپارەوە كردووە. بۆیە، سەرەڕای تەواوی دۆخە نالەبارەكەی شەڕی داعش و قوربانیەكانی، هەروا قەیران و ئاستەنگی ئابوری، كێشە و پروپاگەندە نابەجێكان، فشارو شەڕە دەرونیەكان، شەڕەنگێزی راگەیاندن و پێشێلكاریەكان.. تاد. مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دوو ساڵە شێلگیرانە داكۆكی لە سیاسەتە بنچینەییەكانی سازانی كوردستانی و، ئاساییكردنەوەی پەرلەمان و، سوربوون لەسەر چارەسەری تەنگوچەڵەمەی خەڵك و، ئارامكردنەوەی دۆخی ناوخۆی یەكێتیش كردۆتەوە. سەرەنجام، هەر سیاسەتی دروستی ئەقڵانی یەكێتی و لایەنە پەرۆشەكان، وا خەریكە سەردەكەوێ‌.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆ هەتا (5)ی ئێوارە، كۆبوەوە. لەكۆبونەوەكەدا، جگەلەوەی گەشتە سیاسیەكەی وەفدی یەكێتی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، خرایەڕوو، هەروەها سەردانی تەواوی حزبە كوردستانیەكانیش و گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵیاندا، باسكرا. هەڤاڵانی سەركردایەتیش، جگە لە دەربڕینی ئازادانەی بۆچون و رەخنەكانیان، دەستخۆشیی كاریگەری سیاسەتی یەكێتییان كرد لە پەسەندی ئاساییكردنەوەی بێمەرجی پەرلەمان و سەرهەڵدانی ئومێدی چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكانیش. لەمبارەوە، كۆبونەوە سوپاسی هەموو لایەكی كرد بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی سیاسی و یاسایی و ئومێدیشی خواست، تێكڕا لایەنەكان، دوور لە گیانی تەسكی حزبایەتی، باقی وردەكاری سیاسی پرۆسەكە، لەپەرلەمان و یەكڕیزیی نیشتمانیی، تەواو بكەین. بڕیاریش درا، لەسەر خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ رەخساندنی زەمینەی سازانی نیشتمانیی نێوان سەرجەم لایەنەكان، كە هەنگاوی هەرە كاریگەریان، ئاساییكردنەوەی پەرلەمانە، هەتا رێكارە یاساییەكانی ریفراندۆمی باشوری كوردستان و ژیانی پەرلەمانی، پەسەند بكات.

كۆبونەوە، پێی باشە بەزوترین كات، وەفدی باڵای لایەنەكان سەردانی بەغداد بكات و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغداد، لەمیدیاكانەوە بگوازرێتەوە ناو كۆبونەوە رەسمیەكان و بەپرۆژەیەكی هەمەلایەنە لەسەر داخوازیەكانی كوردستان، لەناو هەموو لایەنە سیاسیەكان، گەڵاڵەبكرێ‌، بۆ داواكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، لەپێشەوەدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەپێناوی سەربەخۆیی، هەتا دەگاتە ئەو غەدرە ئابورییەی لەساڵانی رابوردوو لەكوردستان و خەڵكە لەبودجەو موچە بێبەشكراوەكە. هەروا لێیپێچینەوەی یاسایی لەسەر پێشێلكاریی لەجێبەجێنەكردنی دەستور، بەتایبەتی مادەی (140) بكرێ‌. كاتیشی هاتووە، سوور بین لەسەر قەرەبوكردنەوەی ئەنفالكراوەكانمان و (5 هەزار) گوندی تەختكراومان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو خورماڵ و هەورامان و سیروان و سێوسێنان و گۆپتەپەو دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەی كۆیەو ناوچەكانی بادینان.

دەبێ‌ ساغبكرێتەوە كە بۆچی پێگەی رەوای بەشداری نوێنەرانی كوردستان لەبەغداد، لە كابینەی ئێستادا، بە بڕیارو بەرنامە، لاوازكراوەو گەیەندراوەتە تەنها دوو وەزیر. ئەم لاوازكردنەی پێگەی نوێنەرانی كوردیش، وایكردوە كەوا:

یەكەم: سەرەڕای قارەمانێتی و قوربانیەكانی هێزی پێشمەرگە، بێبەشدەكرێ‌ لە چەك، بەتایبەت چەكی قورس. لە موچەو نوچە. لە رێزلێگرتنی لە راگەیاندنی عێراق و ناساندنی قارەمانێتیەكەی بە رای گشتی عێراقی و عەرەبی!

دووەم: بڕینی بودجەو موچەو، تەنانەت ناوبەناو هەڕەشەی بڕینی بەشە دەرمانی نەخۆشخانەكانیش. تەنانەت ئەمساڵ، دەغڵ ودانی جوتیارانی كوردستانیش بەنیوەچڵ دەكڕدرێ‌ و نیوەی داهاتەكەشیان پێنەدراوە.

سێهەم: شارو شارۆچكەكانی رووبەڕوو لەپارێزگاكانی دیالە، موسڵ، كەركوك، سەلاحەدین، كە بەشێكن لە ناوچە كوردستانیەكانی مادەی (140)ی دەرەوەی هەرێم، ئەمانیش، دوای تێكشكاندنی داعش، دوچاری دۆخێكی دژواری ئاساییش كراوون و ئازادی سیاسی و مەزهەبییان زەوتكراوە. نەك تەنها كوردە دانیشتوەكانی ئەم ناوچانە، بەڵكو كوردانی دانیشتوی بەغدادو شارەكانی تری عێراقیش، كەوتونەتە بەر هەڕەشەو گوڕەشە.

سەبارەت بە تەنگوچەڵەمەی ژیانی خەڵكیش، كۆبونەوە جەخت دەكاتەوە، كە دەبێ‌ حكومەت، دوای سەرخستنی پرۆسەی بایۆمەتری موچە، رێكاری تری ئابوری بۆ چاكسازی لە موچەی فەرمانبەرو كرێكاراندا بگرێتەبەر. چونكە هێشتا رێگای چاكسازی لەبواری ئابوری گشتی و تایبەتی، ماوە بگیرێتەبەر. لەوانە: دامەزراندنی هەزاران كەس لە كۆمپانیا تایبەتیەكان؛ فرۆشتنی ئەرزە جۆراوجۆرەكانی كشتوكاڵ و باخ و خانوبەرەی بێتاپۆ، چاودێریكردنی بازاڕو زیادكردنی باج. هەمویشی پێویستە بخرێتە خزمەتی چۆنیەتی چارەسەركردنی پاشەكەوتی موچەو پێدانەوەی موچە.

بۆ گرفتەكانی ناو یەكێتی، كۆبونەوە، بوارێكی فراوانی رەخساند هەڤاڵان لەسەر كۆی كێشەكان، رەخنەو بۆچونەكانیان دەرببڕن. سەرجەم دیالۆگی ناو كۆبونەوە، بەپەرۆشیی یەكێتیانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی، مشتوماڵ كران. سەرەنجام، دوو لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی كاروباری حكومەت و حزب لەپێناوی گۆڕانكاری، بەسەرپەرشتی دوو هەڤاڵی مەكتەبی سیاسی، بڕیاریان بۆ درا.

لەكۆتاییشدا، كۆبونەوە پێیوایە، جێبەجێكردنی ئەم داخوازییانە، سەبارەت بە پەرلەمان و یەكڕیزیی نیشتمانیی و تەنگوچەڵەمەی خەڵك، دەرهەق بە هەلومەرجی ئیستا، هاوكێشە سیاسیەكان لە تەنگژەی جۆراوجۆر دەرباز دەكات. باقی كێشەكانیش، بێگومان لەناو پەرلەمان و لەكۆبونەوە بەردەوامەكانی تردا، خەبات دەكەین بەدییان بهێنین.

بەهیوای سەركەوتن


ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:08:42:29/07/2017