بارزانی بە نهێنی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتیدا کۆبووەتەوە

ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و بارزانیش بەر لەو کۆبوونەوەیە بە نهێنی لەگەڵ سێ سەرکردەی باڵای یەکێتیدا کۆبووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی سپی، دوێنێ یەکشەممە، مەسعود بارزانی بە نهێنی لەگەڵ هەریەکە لە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و مەلا بەختیار ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەدا کۆبوونەتەوە و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتوون.

سپی زانیویەتی کە لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو لیژنانەنی کە بڕیارە سەردانی بەغدا و وڵاتانی تر بکات ڕێککەوتوون و بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەو پرسانەیان یەکلایی کردووەتەوە.

کۆبوونەوەکە نزیکەی ٤٥ خولەکی خایاندووە و بە دوور لە چاوی میدیاکان بووە و هیچ ڕاگەیەندراوێکیش لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە و دیاریش نییە کە لەسەر چی دیکە گفتوگۆ کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆبوونەوەی دووەمی بە سەرۆکایەتی بارزانی بە بەشداری وەفدێکی باڵای یەکێتی ئەنجامدا و بڕیاردرا کە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەدا کارابکرێتەوە.



AM:01:12:31/07/2017