ئەمڕۆ سێهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت

ئەمڕۆ لە پیرمام بە سەرۆکایەتی بارزانی، ئەنجومەنی باڵای ڕفراندۆم بۆ تاوتوێکردنی دواین ڕێکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کۆدەبنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی بارزانی دەبێت و تاوتوێی دانانی ئەو ئەندامانەی لیژنانە دەکرێت کە بۆ پرسی ڕیفراندۆم بڕیارە سەردانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و جیهان بکەن.

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کە تا ئێستا گۆڕان و کۆمەڵ بەشدارییان تێدا نەکردووە، ڕۆژى ٨ ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەى بە سەرپەرشتی بارزانی ئەنجامدا و تیایدا بڕیاردرا چەند کۆمیتەیەک بۆ سەردانی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ و بەغدا دیاری بکرێت.

هاوکات دوێنێ ٣٠ تەمووزیش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆبوونەوەی دووەمی خۆی کرد و بڕیاردرا بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە دوو هەفتەی ئایندەدا.



PM:03:38:31/07/2017