بڕیاری لابردنی شاناز ئیبراهیم لە بەرپرسیارێتی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە

چەند رۆژێکە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بڕیاری لادانی شاناز ئیبراهیمی ئەحمەدی لە پۆستی لێپرسراوی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی دەرکردووە، بەلآم نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە سپی راگەیاند" ئەو بڕیارەی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کە بەرامبەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەریکردووە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو لای رەفعەت عەبدولآ بەرپرسی مەکتەبی ریكخستنی یەکێتی ماوەتەوە، چونکە ئەو بڕیارە ناکرێت بەبێ لێکۆڵینەوەی حیزبی بڕیاری لەو شێوەیە دەربکرێت، چونکە بۆ جۆرە کێشەیەکی لەو شێوەیە دەبێت لێکۆڵینەوە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بکرێت، دوای بڕیاری لەسەر بدرێت، کە ئایا سەرپێچی لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کردووە، یان نەیکردووە".

بەپێی زانیارییەکان ئەو کێشەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ناوبەناو وتار لە میدیاکاندا بلآودەکاتەوەو لە دوایین وتاریدا داوا سزادانی بەپرسان لەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی دەکات. جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئەو وتارانە بە سەرپێچی لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ناوزەد دەکەن، هەندیكیشیان بە پێچەوانەوە پێیانوایە ئەو راستدەکات و مەکتەبی سیاسی بڕیاری کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی جێبەجێناکات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جگە لەوەی خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە ئەندامی دەسترۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یە، هاوکات کەسێکە لەو باڵەی سەرکردایەتی کە سیاسەت و پەیوەندیەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا بە پەسەند نازانن و داوای جێبەجێکردنی رێکەوتنی ١٧-٥-٢٠١٦ نێوان خۆیان و گۆڕان دەکەن. 



AM:11:13:01/08/2017