میدیایەکی پارتی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی ڕاگەیاند

ماڵپەڕی باسی نزیک لە پارتی بڵاویکردەوە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران بە هەمان لیست و سیستەمی پاشەکەوتی مانگەکانی پێشوو ڕادەگەیەندرێت.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە، پاش ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا کە ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە 6 تا 8/8/2017 مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و خانەنشینانی شارستانی دابەش دەکرێت،هەر لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا، لیستی مووچەی مانگی 6ی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی کاری وردبینی، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هەر لە هەواڵەکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دابەشکردنی مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران بە هەمان لیست و سیستەمی پاشەکەوتی مانگەکانی پێشوو ڕادەگەیەندرێت و هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایش مووچەیان پێ دەدرێت.

سەمیر ھەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتریی مووچە لە ئەنجومەنی وەزیران، لەو بارەیەوە پێشتر بە باسی وتبوو کە لە مانگی 9ی داهاتووەوە، بەپێی سیستەمی بایۆمەتری مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت و جەختیشی لەوە کردبووەوە کە دەبێت وەزارەت و دامەزراوەکان لەو مانگەدا لیستی مووچە بەپێی سیستەمی بایۆمەتری بۆ گەنجینەکان بنێرن.



AM:10:08:03/08/2017