سپی نهێنی وردەکاری کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و سەلاحەدین بەهادین بلآودەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و سەلآحەدین بەهادین، جێگری سەرۆکی پارتی بەشوێن دەرچەیەکدا گەڕاوە تا ریفراندۆم دوا بخرێت.

رۆژی ١ ی ئاب نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لە بارەگای یەکگرتوو لە هەولێر کۆبوونەوە، ماڵپەڕی سپی، زانیاری لەسەر ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە بلآودەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کردووە کە ئەمەریکا فشاریان لیدەکات کە رێفراندۆم دوا بخەن بۆ دوای هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق، کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠١٨.

نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژی بۆ ئەوە کردووە کە ئەمەریکیەکان ئارامی عێراق و هەرێمیان بەلاوە مەبەستە، هاوکات شەڕی داعش لای ئەو ولآتە بەکاری هەرە پێشینەی عێراقییەکانی دەزانن، هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەربچێتەوە، چونکە ئەوان پێیانوایە ئەگەر ئەو دەرنەچێت، ئەگەر زۆرە مالکی دەربچێتەوەو ئەو دەمە عێراق دەکەوێتە دەست ئێران.

جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە تورکیاش دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە کوردستاندا ئەنجام بدرێت. هەروەها هەڵوێستی ئێرانیش ئاشکرایە.

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستانیش، وەک فاکتەری ناوخۆیی لەرووی باری ئابوری و سیاسی و ئەمنییەوە ئامادە نییە بۆ ریفراندۆم.

سپی زانیویەتی نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا ئاشکرای کردووە کە ئەوان دژی ئەوە نین کە پرسی ریفراندۆم و وادەکەی بچێتە نێو پەرلەمانەوەو پەرلەمان رۆژی ٩/٢٥ دوابخات.

سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستۆتە روو کە ئەوان بەردەوام دەبن لە نەرمی نواندن لەگەڵ گۆڕان بۆ چارەسەرکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا.

پارتی پێیوایە بەم دۆخە سیاسیەی ئێستاوە، پرۆسەی ریفراندۆم لە ناوچەکانی سلێمانی کێشەی گەورەی بۆ دروستدەبێت.

نێچیراڤان بەبێ دیارکردنی شێوازێکی ئەو رێزگرتنە، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت لە کوردستاندا رێز لە پێگەو شوێنی" مام جەلال و کاک مەسعود " بگیرێت. ( بێ ئاشکراکردنی ئەو پێگەیە چییە کە پارتی لە ئایندەدا دەیەوێت بۆ مەسعود بارزانی ). 

نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا نەیشاردۆتەوە کە نیگەرانن لە هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە یەکێتی لەلای ئەوان قسەیەک دەکەن و دواتریش قسەیەکی تر لە یەکێتییەکانەوە لە میدیاکان و لە گەڵ لایەنەکانی تر، دەبیستن.

لە کۆبوونەوەکەدا سەلاحەدین بەهادین، جەختی لەسەر باری ئابوری خراپی ئابووری کردۆتەوەو داوای کردووە کە حکومەت کاربکات و بۆ چاککردنی باری ژیانی خەڵک و چاککردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە.

 پاشنیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه 1-8-2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و وراوێژکاری سەرۆکی حکومەت، سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له هه‌ولێر كرد و له‌لایه‌ن سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانه‌وه پێشوازی لێكراو کۆبوونەوەیەکی داخراویان سازکرد.




AM:11:43:03/08/2017