مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە
مەلا بەختیار رێککەوتنی نهێنی خۆیان‌و پارتی بۆ مەکتەبی سیاسی ئاشکرا دەکات

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ ٥ ی ئاب لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە کۆدەبێتەوەو مەلا بەختیار رێککەوتنی نهێنی خۆیان و پارتی ئاشکرا دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبوەوە، مەلا بەختیار لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ پارتیدا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان رێککەوتن و چیتر چاوەرێی گۆڕان و کۆمەڵ ناکەن، ئەوان لەگەڵ پارتی لە ١٠ ئابەوە کاربۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن و تا ١٣ ی ئاب پەرلەمان کارا دەکەنەوەو لەسەر کۆی پرسەکانی حکومەت و ریفراندۆم و سەرۆکایەتی هەرێم رێککەوتوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و قادر حەمەجان و عومەر فەتاح و بافڵ تاڵەبانی و سەعدی پیرەو ئەرسەلان بایز لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدان. ( هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئامادەی کۆبوونەوە نەبووە، بەلآم بەپێی هەندێک زانیاری رای وەک بافڵ تاڵەبانییە).

لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە قادر عەزیز و رەفعەت عەبدولآ و رزگار عەلی و شۆڕش ئیسماعیل دژی ئەو رێککەوتنەن، لە کۆبوونەوەکەشدا بە مەلا بەختیاریان راگەیاندووە کە ئێمەو زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتی دژی ئەو رێککەوتنەین.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە وەلآمدا مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تا دوو مانگی تر سەرکردایەتی یەکێتی کۆناکەنەوەو بڕیاری خۆیان دەدەن.

بەپێی رێککەوتنەکە ئەگەر گۆڕان و یەکێتی نەچن بدەنگ کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە، ئەو دەمە پارتی ویەکێتی پەرلەمان کارا دەکەوەنەوە، سەرۆکەکەی دەردرێت بە یەکگرتووی ئیسلامی، سەرۆکی حکومەتیش دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمیش درێژ دەکرێتەوەو هەڵبژاردنیش لەکاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت، پرسی ریفرامدۆمیش لە پەرلەمان یاسای بۆ دەردەکرێت. لە کابینەی حکومەتی هەرێم ٧ وەزارەت دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
 



PM:09:41:05/08/2017