گەڕەکێکی دیکە لە ڕەقە کۆنتڕۆڵکرایەوە

شەڕڤانان لە شەستهەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققەی پایتەختی داعش، توانیان گەڕەکێکی دیکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە

بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە، توانیویانە گەڕەکێکی دیکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە و 16 چەکداری داعش بکوژن.

برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند: داعش لە 45% ی رەققە دەرکراوە و تەنیا 2 هەزار چەکداری رێکخراوەکەش لە شارەکە دان.

بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لە مانگی تەمموزی 2017 دا 986 چەکداری داعش کوژراون، 11 چەکداریان بەدیل گیراون و چەکدارێکیش بە برینداری کەوتووەتە دەستی شەڕڤانان. هەر لەو ماوەیەدا 83 شەڕڤانی هەسەدە لە شەڕی رەققە شەهید بوون.

رۆژی 6-6-2017، هەسەدە بەهاوكاری ئەمریکا و هێزەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققەی دەستپێكرد.



PM:11:50:05/08/2017