یوسف یاسین: زیادەڕەویەکانی سنوری ماستەپلانی سلێمانی لادەبرێن

شارەوانی سلێمانی لە گوندەکانی (کانی شینکەی ڕازیانە و ناوگردان) هەڵمەتێکی بۆ لابردنی خانووی زیادەڕەو ئەنجامدا و ڕایگەیاند "سەرجەم زیادەڕەوییەکان لادەبرێن".


لە ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانیدا، یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاندوە، بە فەرمانی داواکاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ، بەھاوکاری قائیمقامیەتی سلێمانی و دەزگا ئەمنیەکانی شاری سلێمانی زیادەڕەوییەکانی گوندەکانی (کانی شینکەی ڕازیانە و ناوگردان) کە دەکەونە چوارچێوەی ماستەر پلانی شاری سلێمانییەوە لابراون.

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی وتووشیەتی، ھەڵمەتی ڕێکخستنەوەکە بەردەوام دەبێت داواکارین ھەموو لایەک پابەندی نەخشەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی بن، بە پێچەوانەوە شارەوانی سەرجەم زیادەرۆییەکان لادەبات.

داوای لە هاوڵاتیانیش کردووە، مامەڵە بەو زەویانەوە نەکەن کە بنەمای یاسایی (فۆرمی شارەوانی) نەبێت.

ئەوەشی وتووە کە "ھەر زەویەک فۆرمی شارەوانی نەبێت زیادەڕەویە و ڕێگەی نادرێت کە خانووی لەسەر دروست بکرێت".

پێشتریش قائیمقامیەتی سلێمانی، هەڵمەتێکی ئەنجامدانی بۆ لابردنی زیادەڕەوییەکانی ناو شاری سلێمانی ئەنجامدا و ئەو دەستگێڕ و عارەبانانەی لە ناو بازاڕەکاندابوون دووریانخستنەوە.



PM:05:33:06/08/2017